رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن 1,500 تمەن دابەزی و گەیشتە 187,650 تمەن. بازرگانان و شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ "کەشە ئەرێنییەکەی" دانوستاندنەکان دەگێڕنەوە.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی دۆلار گەیشتووەتە 189,250 تمەن و نزمترین نرخیشی 186,850 تمەن بووە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهای دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو بە رێژەی 2.47% دابەزیوە، بەڵام لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بە رێژەی 15.78% بەرز بووەتەوە.
بازرگانان پێیان وایە بڵاوبوونەوەی هەواڵە ئەرێنییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن، بووەتە هۆی ئەوەی فشارەکانی سەر تمەن کەم ببنەوە. هاوکات راپۆرتەکان باس لە هەوڵە ناڕاستەوخۆکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان دەکەن، هەرچەندە بەرپرسانی هەردوولا هێشتا بە وریاییەوە لێدوان دەدەن.
شارەزایانی ئابووری دەڵێن، ئەگەر هەواڵە ئەرێنییە سیاسییەکان لە کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بن و نیشانەی نوێ بۆ پێشوەچوونی دانوستاندنەکان دەربکەون، ئەگەری هەیە نرخی دۆلار زیاتر پاشەکشە بکات بۆ نزیکەی 180 هەزار تمەن.
لە بەرامبەردا، ئەگەر پرۆسەی دانوستاندنەکان تووشی ئاستەنگ ببێت یان هەواڵێکی نەرێنی لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە بڵاو ببێتەوە، خواست بۆ کڕینی دۆلار زیاد دەکات و نرخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی 190 هەزار تمەن و سەرووتر.


.jpg&w=3840&q=75)
