رووداو دیجیتاڵ
نرخی گازی ماڵان (LPG) لە هەرێمی کوردستان دابەزی. بەرپرسێک دەڵێ، "ئەوەندە زۆر بووە کۆگای دەکەین".
سەرەتای ئەم هەفتەیە لیترێک گازی شل کە بە گازی ماڵان دەناسرێت لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 850 دینار، بوتڵێکی ماڵان، کە 22 لیترە، بە 18 هەزار و 750 دینار بوو
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ 6ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک گازی ماڵان ئەمڕۆ بە 525 دینارە".
بەگوێرەی نرخی نوێی گازی بازرگانی، بوتڵێک ئەمڕۆ بە 12 هەزار دینار پڕ دەکرێتەوە.
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەوە نرخەکە بەرەو دابەزین چووە و ئەمڕۆ لیترێک گازی ماڵان بە بازرگانی 550 دینارە".
سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی گاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی گوتی: "گازی ماڵان هێندە زۆر بووە بریکارەکان داوایان کردووە چیدی بە پسوولە نەیفرۆشن، بەڵام ئێمە رەتمانکردەوە".
بە گوتەی عومەر عەبدوڵڵا، ئێستا لە کۆگاکاندا گازی زیادە هەڵدەگرن بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی دیکە بە هەر هۆکارێک کەمیی گازی دروسبوو، بتوانن رێگری بکەن لە قەیران و بەرزبوونەوەی نرخ.


