رووداو دیجیتاڵ
بانکی فیدراڵیی ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق نارد کە بەگوێرەی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بەکار دەهێنرێن.
پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، میدیای فەرمیی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە رایگەیاند، گوژمەیەکی دیکەی 500 ملیۆن دۆلاری نەختینەیی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە گەیشتووەتە بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، ئەو بڕە دۆلارەی گەیشتووە، لە مامەڵەکاندا و بە رەزامەندیی بانکی ناوەندیی عێراق بەگەڕ دەخرێن.
ئەو دۆلارەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ عێراقی دەینێرێت، پارەى داهاتى فرۆشی نەوتی هەناردەکراوی عێراقە کە دەچێتە ئەو بانکەی ئەمریکا.
بانکی ناوەندیی عێراق بەگوێرەی چەند رێکارێک و بە تێپەڕبوون بە وردبینیی چەند کۆمپانیایەک، دۆلار دەداتە بازرگانان بۆ هاوردەکردنی کاڵا و هەروەها بە گەشتیاران.
نرخی فەرمیی 100 دۆلاری بانکی ناوەندی بۆ بازرگانان 131 هەزار دینار و بۆ گەشتیاران 130 هەزار و 500 دینارە.
ئەو رێکارەى بانکى ناوەندى بۆ رێگرییە لە بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق و لەژێر چاودێریی ئەمریکادایە.
لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، بانکی ناوەندیی عێراق 16 ملیار و 853 ملیۆن دۆلاری لە وەزارەتی دارایی کڕیوەتەوە کە بەراورد بە لە شەش مانگی یەکەمی پار 17 ملیار و 514 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە، واتە کەمکردنەکە بە رێژەی 50.96%. بووە.



