رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیاکانی داناگاز و کرێسنت پێترۆلیۆم، وەک بەڕێوەبەرانی کۆنسێرتۆمی (پێڕڵ پێترۆلیۆم)، لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، ناردنی گاز بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق لە کەرکووک، "دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەموو عێراقدا."
راگەیێندراوەکەی کۆمپانیاکانی داناگاز و کرێسنت پێترۆلیۆم، کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، وەڵامێکە بۆ راگەیێندراوێکی دوێنیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەردوو کۆمپانیاکەی بەوە تۆمەتبار کردبوو، کە بەبێ پرسکردن گازی بە عێراق فرۆشتووە.
کۆمپانیاکانی داناگاز و کرێسنت پێترۆلیۆم دەڵێن: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئاگاداری رێککەوتننامەی فرۆشتنی گاز بووە بە وەزارەتی کارەبای فیدراڵ و کۆپییەکی رێککەوتنەکەشی پێدراوە." هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و هەوڵ دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئاگاداری وردەکارییەکانی بووە.
پێڕڵ پێترۆلیۆم (داناگاز و کرێسنت پێترۆلیۆم) روونی کردەوە کە رێککەوتنەکە بەپێی مافە یاساییەکانیان بووە بۆ بەبازاڕکردنی گاز و پێویستی بە هیچ مۆڵەتێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە. "هەر بۆیە کۆمپانیاکە هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە کە باس لە پێشێلکردنی پابەندییە گرێبەستییەکانیان دەکەن."
سەبارەت بە شایستە داراییەکان، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد کە "سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە پارەی کۆمپانیاکەی نەداوە و پێشێلی پابەندییەکانی کردووە"، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە دابینکردنی گاز بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ پچڕان.
کۆمپانیاکە لە بارەی بڕی گازە نێردراوەکە بۆ کەرکووک گوتی: "ئەو 100 ملیۆن پێ سێجا گازەی رۆژانە بۆ کەرکووک دەنێردرێت، لە توانای زیادەی کێڵگەی کۆرمۆرە و جیاوازە لەو 655 ملیۆن پێ سێجا گازەی کە رۆژانە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پێڕڵ پێترۆلیۆم لە ساڵی 2007ـەوە بایی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردووە و وەک گەورەترین وەبەرهێنەری ئەم کەرتە، پابەندە بە بەردەوامبوون لە کارەکانی بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
رۆژی پێنجشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوی کۆمپانیاکانی کرێسنت پترۆلیۆم و دانەگازی لەبارەی دابینکردنی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق رەتکردەوە و رایگەیاند، "نە رەزامەندی دەربڕیوە و نە رێگەی بەم هەنگاوە داوە".
حکومەتی هەرێم ئەم هەنگاوەی بە "بڕیارێکی تاکلایەنە" و "پێشێلکردنی گرێبەست" ناوبرد کرد و جەختی لەوە کردەوە، هەر رێککەوتنێکی لەم شێوەیە دەبێت بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت. هەروەها رایگەیاند، چەندین جار داوای گازی زیاتریان بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستتان کردووە، بەڵام وەڵامی ئەرێنییان وەرنەگرتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
