رووداو دیجیتاڵ
جگە لە پارەی گەنمی ئەم ساڵ، پارەی گەنمی ساڵی رابردووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەشێکی لای حکومەتی عێراق ماوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق دەڵێ "بەم زووانە" بڕێک پارە بۆ جووتیاران خەرج دەکات.
ئەم ساڵ 12ـی حوزەیران دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و تاوەکو 18ـی تەمموز نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان وەرگرت. لەگەڵ پارەی ماوەی ساڵی پێشوو، بەگشتیی نزیکەی 400 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراقە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 8ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بۆ خەرجکردنی پارەی جووتیاران، رۆژانە لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە و وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵین، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پارە بۆ هەموو عێراق خەرج نەکراوە، نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان".
نەوزاد شێخ کامیل گوتی، حکومەتی عێراق بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق کاتی دیاری نەکردووە و رایگەیاندووە، "بەم زووانە" بەشێکی پارەی گەنم بۆ جووتیاران خەرج دەکرێ.
حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێ و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، کە دەکاتە نزیکەی 200 ملیار دینار، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیراوە و تۆنی بە 500 هەزار دینار و بەهاکەی نزیکەی 54 ملیار دینارە و 141 ملیار پارەی گەنمی پێشووش لای حکومەتی عێراق ماوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مانگانە بڕێک پارە بۆ گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێ، لەگەڵ خەرجکردنیدا ئێمەش پارەکە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکەین".
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.


.jpg&w=3840&q=75)
