رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق هەنگاوێکی نوێ بۆ گۆڕینی سیستمی بودجە دەنێت و دەیەوێت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا جێبەجێی بکات. فالح ساری دەڵێ، کار دەکەن بۆ ئەوەی خەرجکردنی پارە بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە ببەسترێتەوە نەک تەنیا تەرخانکردن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، سەرپەرشتی سێیەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی (بودجەی بەرنامە و ئەنجامەکان)ی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزارەت و ئەندامانی لیژنە پسپۆڕەکان ئامادەی بوون، رەشنووسی "رێبەری نیشتمانی بۆ بودجەی بەرنامە و ئەنجامەکان" پەسند کرا.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق، ئامانج لەم هەنگاوە گواستنەوەی قۆناخ بە قۆناخی سیستمی دارایی عێراقە بۆ شێوازێک کە تێیدا تەرخانکردنی سەرچاوە داراییەکان بەستراوە بێت بەو ئامانج و ئەنجامانەی کە حکومەت دەیەوێت بەدەستیان بهێنێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رەشنووسی رێبەرە نیشتمانییەکە بە بەشداریی هاوبەشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی عێراق، کە (بانکی جیهانی) یەکێکە لەوانە، پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ بکرێت.
وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، ئەو بەرنامەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کردووە، دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی بودجەی بەرنامە و ئەنجامەکان، ئەمەش وادەکات خەرجییەکان راستەوخۆ بە کارە لەپێشینەکان و ئامانجە ستراتیژییەکانی حکومەتەوە ببەسترێنەوە.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "کارەکانمان بەرەو بنیاتنانی بودجەیەک دەچێت کە لە دیاریکردنی کارە لەپێشینەکاندا روونتر بێت و لە بەدواداچوونی ئەوەی لە بەرنامە و پڕۆژەکاندا بەدی دێت، وردتر بێت."
ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو کە لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوازدەی خەرجیی 2025 کاری دەکرد؛ بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت و بەر لە کۆتایی ساڵیش پەسند بکرێت.


