رووداو دیجیتاڵ
مۆڵەتی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوت لەلایەن کۆمپانیای پشکداری نەوتی تورکیا (TPAO) لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان درێژکرایەوە؛ هاوکات مۆڵەتی پێنج ساڵەی نوێش بۆ گەڕان لە کێڵگەکانی سەمسوور و رووها درا.
بەپێی بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کانزا و نەوتی تورکیا، کە رۆژی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە؛ مۆڵەتی کارکردنی TPAO لە کێڵگەیەکی نەوتی بە رووبەری 15 هەزار و 297 هێکتار لە نێوان پارێزگاکانی ئێلیهـ، مێردین و سێرت لە باکووری کوردستان، تاوەکو 11ـی تەممووزی 2028 درێژکرایەوە.
هەروەها لە دەرەوەی ناوچە کوردییەکانیش، مۆڵەتی گەڕان لە کێڵگەیەکی 14 هەزار و 536 هێکتاری لە نێوان کرکلارئێلی و تەکیرداغی تورکیا تاوەکو 22ـی ئەیلوولی 2028 درێژکراوەتەوە.
جگە لە درێژکردنەوەی مۆڵەتە کۆنەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە مۆڵەتێکی نوێی پێنج ساڵەی بە کۆمپانیای TPAO داوە بۆ گەڕان و پشکنین لە دوو ناوچەی نوێ:
کێڵگەیەک بە رووبەری 12 هەزار و 601 هێکتار لە نێوان هەردوو پارێزگای سەمسوور و رووها.
کێڵگەیەکی دیکە بە رووبەری 24 هەزار و 867 هێکتار لە سنووری پارێزگای رووها.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا رۆژانە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت و شرنەخ بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی 81 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدایە.
هەر بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، پار لە شرنەخ 16 ملیۆن و 374 هەزار و 971 بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە ئێلیهـ حەوت ملیۆن و 476 هەزار بەرمیل، لە ئامەد حەوت ملیۆن و 531 هەزار بەرمیل و لە سەمسووریش سێ ملیۆن و 163 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە.

