رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 450 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی ئابی 2026، محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 450 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە و وەرگرتنی گەنم تاوەکو کۆتایی وەرزی دروێنە بەردەوام دەبێت."
محەممەد رەزا ئەسغەری گوتی: "تاوەکو ئێستا 72 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە ورمێ کراونەتەوە و بڕیارە ناوەندەکان زیاتر بکرێن."
محەممەد رەزا ئەسغەری گوتیشی، "زۆرترین گەنم لە بۆکان وەرگیراوە، کە 75 هەزار تۆن بووە."
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ دەڵێت، تاوەکو ئێستا 50٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوە و لە بەرنامەیاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی خەرج بکەن.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ یەک کیلۆگرام گەنمی ئاسایی بە 49,500 تمەن (28 سەنت) لە جووتیاران بکڕێتەوە.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای ورمێ لەسەر رووبەری زیاتر لە 406 هەزار هێکتار گەنم چێندراوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمەکەی زیاتر لە 900 هەزار تۆن بێت.


.jpg&w=3840&q=75)

