رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە، بەپێی خشتەکە لە سێ رۆژدا مووچەی هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆران دابەشدەکرێت.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکرێت و رۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 2026 کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.
بەپێی خشتەکە، سبەی سێشەممە 18ی ئاب مووچەی ئەم وەزارەتانە دابەش دەکرێت: کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، خانەنشینی شارستانی و پێشمەرگە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە 19ی ئاب مووچەی ئەم دەستە و وەزارەتانە دابەش دەکرێ: دەستەی ژینگە، دەستەی دەستپاکی، دەزگای مین، دەستەی وەبەرهێنان، مافی مرۆڤ، خاوەن پێداویستیی تایبەت، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، فەرماندەیی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی چاودێری.
هەریەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە (دیوان و لیواکان)، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان و فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو رۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 2026 مووچەی مانگی تەممووز وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕی 830 ملیار و 782 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لەلایەن بەغداوە بڕدراوە، وەزارەتی دارایی رایگەیاند، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز، لە کۆی گشتیی تەمویلی مووچەکە کەمکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خرابووەڕوو، هەر لە چوارچێوەی تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزدا، بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)


