رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوەی زیاتر کردووە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4 هەزار و 400 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. شرۆڤەکارێکی بازاڕە دارییەکان دەڵێت، ئاساییە نرخەکە بگاتە 5 هەزار دۆلار.
رۆژی 17ی ئابی 2026 د. ئازاد گەیلانی، شارەزای بازاڕە داراییەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی دەکات، رایگەیاند، چاوەڕوانی زیاتری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکرێت بەجۆرێک کە ئاسایی بێت ئەگەر بگاتە 5 هەزار دۆلار، چونکە بەهۆی دابەزینی یەنی ژاپۆنییەوە رەنگە ئەمریکا و ژاپۆن دەستوەردان بکەن و دۆلار روو لە دابەزین بکات.
ئەو پسپۆرە ئاماژەی بەوەدا لە ئەگەری دەستوەردانی ژاپۆن و ئەمریکا و دابەزینی ئیندێکسی دۆلار، نرخی زێڕ روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.
لە دوای راگرتنی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، د. ئازاد گەیلانی گوتی، "دۆخی ئێستای بازاڕ لە بەرژوەندی زێڕ و زیوە."
دۆخی بازاڕەکان ئێستا بە جۆرێکە لە نەوت، زێڕ، زیو و پشکی بازاڕەکان هەموویان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە، لە کاتێکدا بە درێژایی مێژوو زۆربەی کاتەکان ئاڕاستەی دژ بەیەک لە بازاڕەکاندا هەبووە.
بە گوتەی شارەزاکەی بازاڕە داراییەکان، ئێستا پارەیەکی زۆر لە بازاڕەکانە کە زۆرینەی لە قەواڵە و گرێبەستە داراییەکانەوە هاتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
