رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوە کرایەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە، بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی کۆنووسی کۆبوونەوەی رابردووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4355 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 بە نزیکەی 4400 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دوورکەوتەوە لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی کە لە چەند رۆژی رابردوودا تۆماری کردبوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، تەنگەی هورمز کراوەیە و هیچ دانوستاندنێکیش لەگەڵ ئێران بەڕێوەناچێت.
گوتەکانی ترەمپ دژی لێدوانی بەرپرسانی ئێرانە کە دەڵێن، تەنگەی هورمز داخراوە.
لێدوانە دژبەیەکەکانی ئێران و ئەمریکا چانسی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی شەش مانگەی ئێرانیان لاواز کردووە.
سەرەڕای ئەوەی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە مانگی رابردوودا وەک رێژەی بێکاری، هەڵاوسان و کەرتی وردەفرۆشی ئاماژە بە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دەدەن، بەڵام قەیرانی تەنگەی هورمز مەترسیی دروستکردووە لەسەر ئەوەی هەڵاوسان لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە، بە چەشنێک بانکی ناوەندی ئەمریکا ناچار بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2026، کاژێر 09:00ی شەو بە کاتی هەولێر کۆنووسی کۆبوونەوەی رابردووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستبکات، بەو پێیەی بە ئەگەری زۆرەوە ئاماژەی نوێی تێدایە لەسەر سیاسەتی نەختی بانکەکە.


