رووداو دیجیتاڵ
لە شاری وانی باکووری کوردستان، وەقفی میزۆپۆتامیا پێنج رۆژە بە
بەشداریی 12 زمانناس و پسپۆڕ لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە، دەستی بە
هەنگاوەکانی ئامادەکردنی یەکەمین فەرهەنگی ئابووریی کوردی کردووە.
پڕۆژەکە ئامانجی کۆکردنەوە و رێکخستنی زاراوە ئابوورییەکانە لەسەر
ئاستی کوردستان تاوەکو ببنە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ توێژەران و میدیاکاران.
د. عوبەیدوڵڵا پلاتین، رێکخەری فەرهەنگی ئابووریی کوردی لەبارەی
قەبارەی فەرهەنگەکە بە رووداوی رایگەیاند: "لە سەرەتادا نزیکەی 4 هەزار وشەی
سەرەکیمان دەستنیشان کردبوو، بەڵام پێدەچێت چەند سەد وشەیەکی دیکەشی بەسەردا زیاد
بێت. نزیکەی 15 مانگی دیکە کارەکانمان کۆتایی پێدەهێنین تاوەکو بۆ پێداچوونەوە رەوانە
بکرێن."
لە نێو پسپۆڕە بەشداربووەکاندا، سێ برای بنەماڵەی عەبدولعەزیز لە
باشووری کوردستانەوە بە پسپۆڕیی جیاواز بەشدارن، کە یەکێکیان بەختیار عەبدولعەزیز،
پێشکەشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداوە.
بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکەشکاری رووداو وتی: "درستکردنی ئەم
فەرهەنگە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا، خزمەتێکی نەتەوەییە و
شانازییە کە بەشدارم تێیدا. هاوکارانم لە رووداو هەمیشە پاڵپشتی لە هەر پڕۆژەیەک
دەکەن کە لە بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی کورددا بێت."
د. کاوە عەبدولعەزیز، ئابووریناس و بەشداربووی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە
کرد کە بەشداربوونی برایەکانی لە سێ بوار وەک ئابووریی ئەکادیمی، میدیای ئابووری و
زمانناسی، دەوڵەمەندییەکی باش دەبەخشێتە کارەکە. هاوکات دیار عەبدولعەزیز، وەک
زمانناس و میدیاکار جەختی لەوە کردەوە بەهۆی 15 ساڵ خزمەت لە بواری زمان و
بڕوانامەی لە بەشی ژمێریاری، هەوڵدەدات خزمەت بە رێکخستنی زاراوەکان بكات.
وەقفی مەزۆپۆتامیا دامەزراوەیەکی ئەکادیمیی خۆبەخشە و خاوەنی سەدان
پەرتووک و فەرهەنگی چاپکراوە؛ دانانی ئەم فەرهەنگە ئابوورییەش بە یەکێک لە
گەورەترین پڕۆژەکانی دادەنرێت کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت.

