رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنەی داهات و خەرجییەکان، بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی 2027 راگەیاند و پڕۆژەکەی بە هەردوو شێوازی کاخەزی و ئەلیکترۆنی رەوانەی بەغدا کرد.
سوپاس و پێزانینی وەزیری دارایی بۆ تیمە هاوبەشەکان
لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە کە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، سوپاس و دەستخۆشیی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە، ستافی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و ژمێرکاری، دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان کردووە.
هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم "ئەرکە نیشتمانییە بە شێوازێکی زانستی، سەردەمیانە و هاوئاهەنگ لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنیی بودجەی فیدراڵیی عێراق".
دیارترین شایستە داراییە جێگیرکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027دا.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە لەم پڕۆژەیەدا سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، کە دیارترینیان بریتین لە:
• تەواوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان: دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.
• هاوکاریی کەمدەرامەتان: دابینکردنی مووچە بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ بەغدا.
• کەرتی تەندروستی: دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.
• پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران: جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو.
• هاوتاکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە: هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشوویان.
• سیستمی UPN: چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی بەهۆکاری جیاواز لە سیستمی (UPN) تۆمار نەکراون یاخود کێشەیان هەیە.
• پرۆژە خزمەتگوزارییەکان: دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية).
• فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی نوێ: بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بڕوانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی، پزیشکانی ددان، دەرمانسازان و هاوپیشە تەندروستییەکان.
داواکاری بۆ یەکدەنگیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا
وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم. هیوایشی خواست لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکەن.
هاوکات، داوا لە سەرجەم نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی داکۆکی لەم پشکانە بکەن، تاوەکو لە کاتی دانوستاندنەکانی ناو پەرلەمان لەسەر یاسای بودجە جێگیر بکرێن و پشکی شایستەی هاووڵاتیانی هەرێم بە زووترین کات دەستەبەر ببێت.


