رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا دابینکردنی مووچەی مانگی ئاب بووەتە کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراق، بەرپرسانی بەغدا دڵنیایی دەدەنە فەرمانبەران لە دوانەکەوتنی مووچەکانیان؛ ئەمەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو دابەشکردنی مووچە نزیکەی دە رۆژ دواکەوت و نیگەرانیی لای مووچەخۆران دروستکرد.
لەبارەی
بەردەوامیی دابەشکردنی مووچە و گەرەنتیی دارایی، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی
عێراق بە رووداوی راگەیاند: "مووچە گەرەنتی کراوە بۆ مانگەکانی داهاتوو،
پێموایە ئاماژەکانی هەناردەکردنی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش دڵنیایی زیاتر بە
فەرمانبەران و هەموو دامودەزگاکان دەدات. بۆیە مووچە و شایستە داراییەکان بەپێی
یاسا و رێکارەکان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە."
پەرلەمانتارانی
عێراقیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ مانگی ئاب سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت فرەچەشن
کراون تاوەکو کێشەی نەبوونی نەقدیی دووبارە نەبێتەوە.
رێبوار کەریم،
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی سەرچاوەکانی داهاتەوە بە رووداوی گوت:
"وردە وردە هەندێک لە داهاتی ئەو مانگانەی کە وەرینەگرتووە بەدەستی دەگات و
هەندێک سەرچاوەی دیکەش چالاک کراون، بەتایبەتی دەروازە سنوورییەکان کە داهاتیان بە
شێوەیەکی باش زیادی کردووە. بۆیە پێشبینییەکە وایە هەمان کێشەی ئەم مانگە لە
مانگەکانی داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە، ئەگەرچیش پێم وایە چەند رۆژێک دواکەوتن هەر
روودەدات، بەڵام رەنگە تا کۆتایی ساڵ کەم ببێتەوە."
لەلایەکی
دیکەوە، ویستێکی هەمەلایەنە لەنێو پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی عێراقدا هەیە بۆ
پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، بەڵام هێشتا روون نییە هەڵوێستی هێزەکانی
بەرەی مقاوەمە بەرامبەر ئیدارەکەی چۆن دەبێت.
تێپەڕبوونی سەد
رۆژ بەسەر پێکهێنانی کابینە وزارییەکەی عەلی زەیدیدا لە کاتێکدایە، دوو تەنگژەی
سەرەکی کە بریتیین لە قەیرانی دارایی و چەکی دەستی گرووپە چەکدارەکان بەرۆکی
حکومەتەکەیان گرتووە، بەڵام ستافە حکومییەکەی هەوڵ دەدەن لە هەموو بۆنەیەکدا
سووربوونی خۆیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بارودۆخە دووپات بکەنەوە.

