رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆی تەواوبوونی رێکارەکانی کردنەوەی بانکی نیشتمان، دەنگۆی پێدانی 19 جۆر قەرز و پێشینەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی بانکەکە زانیارییەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی پێدانی هیچ قەرز و پێشینە نهدراوە.
بڵند محەممەد، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی بانکی نیشتمان، ئەمڕۆ هەینی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نیگەرانین لەو قسە و لێدوانانەی بەناومانەوە بڵاوکراونەتەوە. رێکارەکانی کردنەوەی بانکەکە لە تەواوبووندان و بەم نزیکانە دەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لە پێدانی هیچ جۆرە قەرز و پێشینەیەک نەدراوە."
بانکی نیشتمان پرۆژەیەکی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ نوێکردنەوە و رێکخستنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان و پابەند دەبێت بە یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تیرۆر.
چەند رۆژێکە لە میدیا و سۆشیاڵی میدیای هەرێمی کوردستان دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە گوایە بانکەکە 19 جۆر قەرز و پێشینە بە خەڵک دەدات، وەک پێشینەی خانووبەرە، قەرزی ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی پیشەسازی، بازرگانی و کشتوکاڵی، گوایە بڕی قەرز و پێشینەکانیش لە 5 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو زیاتر لە 100 ملیۆن دینار.
لەمبارەیەوە بڵند محەممەد دەڵێ، ئەمانە تەنیا قسەی بێبنەمان و تاوەکو ئێستا بڕیار لە پێدانی هیچ قەرز و پێشینەیەک نەدراوە، چونکە هێشتا بانکەکە دەستبەکار نەبووە، بەڵام بانکێکی پێشکەوتوو دەبێت و بە ستانداردی جیهانی کاردەکات.
بڵند محەممەد گوتی، بانکەکە هەموو خزمەتگوزارییەکی بانکی دەبێت، وەک پێدانی ڤیزە کارت، پارەدان وبەڕێوەبردنی سەرمایەی دیجیتاڵی، بەستنەوەی هەژمار بە جزدانی ئەلیکترۆنی، قەرز و وەبەرهێنان، حەواڵەکردنی پارە بۆ وڵاتان و بەپێچەوانەوە و چەندین خزمەتگوزاری دیکە.

