رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین، گەورەترین دراوی دیجیتاڵیی جیهان، ئەمڕۆ یەکشەممە، نزیکەی 500 دۆلار دابەزی بۆ کەمتر لە 77 هەزار دۆلار و یەک بیتکۆین بە نزیکەی 76 هەزار و 900 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەفتەی رابردوو نرخی بیتکۆین بەڕێژەی 22% بەرزبووەوە و توانی ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە بگۆڕێت.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی خێرای بیتکۆین، بەڵام نرخی ئەو دراوە دیجیتاڵییە نەیتوانی ئاستی 78 هەزار دۆلار دەربازبکات و لە خوار ئەو ئاستە هەستیارەدا مایەوە.
لە بازاڕی بیتکۆیندا، سندووقەکانی وەبەرهێنان لەو دراوە قەبارەی کڕینەکانیان زیادکردووە، بەڵام هەندێک لەو وەبەرهێنەر و بازرگانانەی کە لە ئاستە بەرزەکانی دیکەدا پێشتر بیتکۆینیان کڕیوە و مەبەستیان وەبەرهێنانی درێژخایەن بووە، بیتکۆینەکانیان بە 20% زیان فرۆشتووەتەوە.
لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا قەبارەی کڕینەکان زیاتربوون لە فرۆشتنەکان و بەوپێیەش ئەوە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئەو دراوە دیجیتاڵییە.
شارەزایانی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان پێیانوایە بازاڕی بیتکۆین ئەگەری ناجێگیربوونی هەیە بەتایبەتی دوای مایەپووچبوونی 1.6 ملیار دۆلاری بازرگانان کە مامەڵەیان بەو دراوە دیجیتاڵییە کردووە لە 24 کاژێری رابردوودا.
ماڵپەڕی (کۆین گڵاس داتا)، کە تایبەتە بە شرۆڤەی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 866 ملیۆن دۆلاری ئەو کەسانەی کە بیتکۆینیان کڕیبوو، هەروەها 797 ملیۆن دۆلاری ئەوانەی کە فرۆشتوویانە بەهۆی ئەوەی بە بەرزکەرەوەی دارایی (لێڤەریج) مامەڵەیان کردووە لە بازاڕدا نەماوە و ئەو بازرگانانەی مایەپووچکردووە.


