رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
و نەزار ناسر، پارێزگاری بانکی ناوەندی، تاوتوێی لابردنی سفری دیناری عێراق و گۆڕینی
دراو کراوە. ئەندامێکی لیژنەکە رایگەیاند، پارێزگاری بانکی ناوەندی پێی راگەیاندوون
لابردنی سفری دراو پێویستی بە یاسا هەیە.
کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە 23ی ئابی 2026 لە لیژنەی
دارایی پەرلەمانی عێراق کراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی
عێراق کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،
پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لە بیرۆکەی لابردنی سفرەکانی دیناری عێراق کرد، بەوەی
خواستی بانکەکە نییە، بەڵکو خواستی سەرۆکوەزیرانە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچیان
لەبارەیەوە پێ نەگەیشتووە. هەروەها گوتی لابردنی سفرى دینار پێویستی بەوەیە لە پەرلەمان
یاسایەکی بۆ دەربچێت.
بیرۆکەی لابردنی سفری دیناری عێراق بۆ چارەسەری
کێشەی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی بەهای دیناری عێراقە.
جەمال کۆچەر رایگەیاند لەو کۆبوونەوەیەدا پارێزگاری
بانکی ناوەندی باسی لە گۆڕینی دراوی عێراقی کردووە بە دراوێکی دیکە؛ بۆ چاپکردنی پێشتر
پشتیان بە فەرەنسا و ئەڵمانیا بەستووە و ئەمجارە پشت بە بەریتانیا و ئوسترالیاش دەبەستن،
ئەوە جگە لەوەی بیریان لە چاپکردنی جۆری دراوی بچووکی وەک 50 دیناری و 100 دیناری
کردووەتەوە.
ئامارەکانی بانکی ناوەندی دەریدەخەن، تاوەکو
مانگی ئایاری ئەم ساڵ پارەی چاپکراوی عێراق گەیشتووەتە 113.5 تریلیۆن دینار، بەڵام
106 تریلیۆن و 812 ملیار دیناری لە دەرەوەی بانکەکانە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،
پارێزگاری بانکی ناوەندی گوتویەتی، گۆڕینی دراوی عێراقی بۆ ئەوەیە بزانن بە وردی چەند
پارەی چاپکراویان هەیە.




