رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگانە لە عێراق دەستیپێکردووە، چەند کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتەکان مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکان هێشتا دەستی پێنەکردووە.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، "هەموو مانگێک خانەنشینان لە 1ـی مانگدا مووچە وەردەگرن، ئەگەر رۆژەکە نەکەوێتە پشووی فەرمی."
زیاد ئیسماعیل گوتیشی، "لە 19ـی مانگەوە، دابەشکردنی مووچەی ئەو کۆمپانیایانە دەستیپێکردووە کە خۆبژێون و سەر بە وەزارەتەکانن." بە گوتەی پەیامنێری رووداو، کۆمپانیاکانی گازی باکوور، نەوتی باکوور، پاڵاوگەکانی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ لەو شوێنانەن کە مووچەیان وەرگرتووە.
سەبارەت بە مووچەی وەزارەتەکانی دیکە، پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "لە دوو مانگی رابردوودا، وەزارەتی دارایی عێراق لە 26ـی مانگەوە دەستیکردووە بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە. ئەو رێکارانەش رۆژێک بۆ دوو رۆژیان پێدەچێت، کە تێیدا نوێنەری وەزارەتەکان سەردانی وەزارەتی دارایی دەکەن بۆ واژۆکردنی چەکی پارە، دواتر لە رێگەی بانکەکانەوە پارەکە خەرج دەکرێت".
پەیامنێری رووداو ئەوەشی خستەڕوو: "مانگی رابردوو هەرچەندە لە 26ـی مانگ رێکارەکان دەستیانپێکرد، بەڵام پرۆسەی دابەشکردنەکە نزیکەی 10 رۆژ دواکەوت."
پێشبینی دەکرێت ئەم مانگەش لە هەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، کە سەرەتا لە وەزارەتە ئەمنییەکانەوە دەستپێدەکات، وەکو وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری و دەستەی حەشدی شەعبی.
دوای تەواوبوونی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، رێکارەکانی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، ئەمەش دوای دڵنیابوونەوە لە بوونی پارەی پێویست.



