رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەک لە سێ پەرلەمانتاری کورد، سوننە و شیعە پێکدەهێندرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 و زانینی وردەکارییەکەی بکەن. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەکە: "وەزارەتەکان سەرقاڵی ناردنی زانیاریین."
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی ئەو لیژنە سێ کەسیەیە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەکی سێ کەسی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێکهێندراوە بۆ ئاگاداربوون لە وردەکارییەکانی ئامادەکردنی بودجە. پێکهێنانی ئەو لیژنەیە لەسەر داوای فالح ساری، وەزیری دارایی بووە، تاوەکو لە شێوازی نوێی بودجەکەش ئاگادار بین کە بە شێوەی بەرنامە و ئەنجامە".
سێ ئەندامی کورد و سوننە و شیعە لەنێو ئەو لیژنەیەن، کە پێکهاتوون لە جەمال کۆچەر وەک نوێنەری کورد کە ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، ئەحمەد جابری لە فراکسیۆنی تەقەدووم وەک نوێنەری سوننە و ناسر یاسر تورکی لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وەک نوێنەری شیعە.
لیژنەکە رۆژی 20ی ئاب یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ لەبارەی بودجە ئەنجامداوە.
سەبارەت بە ئامادەکاریی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027، جەمال کۆچەر رایگەیاند: "وەزارەتەکان سەرقاڵی ناردنی زانیارییەکانن بۆ وەزارەتی دارایی، کە ئەوەش ژمارەی فەرمانبەران، خەرجییەکانیان و وردەکاریی دیکە دەگرێتەوە، دواتر ئەو زانیارییانە کۆدەکرێنەوە و پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی لێ دەردەچێ".
بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازى بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.
ئەو شێوازە نوێیەی بودجە کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رەوانەی پەرلەمان بکرێ، وەک قۆناخی یەکەم لە دوو وەزارەت و دوو پارێزگای عێراق جێبەجێ دەکرێ.




