رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ئێرانی کە بە نەورۆز دەستپێدەکات، 85%ـی ئەو داهاتە دراوییەی کە لە هەناردەکردنی نەوتەوە پێشبینی کرابوو، بەدیهاتووە. دەشڵێت، لە هەندێک مانگدا نرخی نەوتیان بە 94 دۆلار فرۆشتووە.
موحسین زەنگەنە، ئەندامی لیژنەی بەرنامە و بودجە لە پەرلەمانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، هەرچەندە لە زۆربەی مانگەکاندا بڕی نەوتی هەناردەکراو کەمتر بووە لەوەی لە بودجەدا دیاریکرابوو، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ئەو کورتهێنانەی قەرەبوو کردووەتەوە.
لە بودجەی ئێراندا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە 53 دۆلار خەمڵێنرابوو، بەڵام بە گوتەی زەنگەنە، نەوتەکە بە نرخێک لە نێوان 68 بۆ 94 دۆلار فرۆشراوە. ئەمەش وایکردووە ئاستی بەدیهێنانی داهاتی نەوت بە رێژەی 28% باشتر بێت بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کە تەنیا 57% بوو.
بە گوتەی زەنگەنە لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا وڵاتەکەی 11.3 ملیار دینار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە.
سەرەڕای ئەم ئامارە گەشبینانەیە، زەنگەنە هۆشداری دا کە بەربەستە داراییەکان وایانکردووە کاریگەریی ئەم داهاتانە لە ناوخۆی وڵاتدا سنووردار بێت. بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، تەنیا 30% بۆ 35%ـی کۆی داهاتە بەدیهاتووەکان دەچێتە ناو سیستمی دارایی سەرەکی و یەدەگی بانکی ناوەندیی ئێرانەوە.
بەشەکەی دیکەی داهاتی نەوت بۆ "رێککەوتنەکانی ئاڵوگۆڕی دەرەوەی بودجە" دەڕوات، وەک تەرخانکردنی نەوتی خاو بە شێوەی راستەوخۆ بۆ دامەزراوە سەربازییەکان، هەروەها بەشێکی زۆریشی وەک تێچووی گواستنەوەی پارە لە رێگەی تۆڕە بانکییەکانی سێبەرەوە لەنێو دەچێت کە بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکاردێن.
ئەو پەرلەمانتارە داوای چاکسازیی بنەڕەتی کرد و رەخنەی لە پەرتەوازەیی کەناڵەکانی فرۆشتنی نەوتی ئێران گرت، کە وەک سیستەمێکی ناناوەندی بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا پەیڕەو دەکرێت.
زەنگەنە داوای کرد پرۆسەی فرۆشتن بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەیەکی ناوەندی و شەفاف لە ژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران.



