رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە کێڵگەی شێخان راگەیاند و ئاشکرای دەکات، ئێستا رۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنن. دەشڵێت، رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکان تاوەکو سەرەتای ساڵی 2027 درێژکراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP) لە راپۆرتی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵیدا رایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دژوار لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، لە 16ـی ئابی ئەم ساڵەوە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەدا لە نێوان 19ـی تەممووز تاوەکو 15ـی ئابی 2026 بەهۆی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە راگیرابوو.
بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 40 هەزار بەرمیل
کۆمپانیا بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات, قەبارەی بەرهەمهێنان بە خێرایی لە زیادبووندایە و ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 40,000 بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی پچڕانە ئەمنییەکان و کارە خۆپارێزییەکانەوە، تێکڕای بەرهەمهێنان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 بۆ 14,600 بەرمیل دابەزیبوو، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (44,100 بەرمیل) کەمبوونەوەیەکی بەرچاو بووە.
درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت، گەڵف کیستۆن رایگەیاندووە: "رێککەوتنە کاتییەکانی هەناردەکردنی نەوت لە نێوان کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە و تاوەکو کۆتایی کانوونی دووەمی 2027 درێژکراوەتەوە."
کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم رێککەوتنە "شایستە داراییەکی جێگیر و باشتر" دابین دەکات بەراورد بە فرۆشتنی ناوخۆیی. بەپێی ئامارەکان، گەڵف کیستۆن توانیویەتی هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕای 83.5 دۆلار بفرۆشێت، کە تەنیا 8.8 دۆلار کەمتر بووە لە نرخی نەوتی برێنت.
کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و قازانج
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان توانیویانە هاوسەنگییەکی دارایی بێ قەرز بپارێزن و بڕی 12.5 ملیۆن دۆلار قازانج بەسەر پشکدارەکانیاندا دابەش بکەن.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە گوتیشی: "پێشینەی کارەکانمان سەلامەتیی هێزی کارەکەمان بووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتیژی داهاتوویان لە چارەکی یەکەمی 2027دا، وەبەرهێنان دەبێت لە پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوی کێڵگەکە و نوێکردنەوەی رێکارە سەلامەتییەکان.



