رووداو دیجیتاڵ
شیکارییەکی نوێی داتاکانی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس پێشانی دەدات، یەک لەسەر سێی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لەلایەن ئێرانەوە خراونەتە لیستی رەشەوە و هۆشداریی دەستبەسەرداگرتنیان پێدراوە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز، لەمیانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا پێشتر لەو ناوچەیەدا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
رۆژی سێشەممە 25ی ئابی 2026 شیکاریی داتاکانی ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای کرد، لەو کاتەوەی جەنگ لە کۆتایی شوباتی ئەم ساڵدا هەڵگیرسا، تاران هەوڵیداوە رێڕەوێکی ئاویی تایبەت بە خۆی لە بەشی باکووری تەنگەی هورمز بسەپێنێت، تاوەکو کۆنتڕۆڵی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بکات، کە بەر لە جەنگ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە دەریاییەکان کراوە بوو.
لیستە رەشەکەی ئێران و هێرشەکانی دەریای عومان
رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، ''دەستەی تەنگەی کەنداوی فارس'' کە ئێران لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەکە دایمەزراندووە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لیستێکی بەناوی 45 کەشتیی بازرگانی بڵاوکردەوە، کە لە گەشتەکانی داهاتوویان تووشی "سزا و رێکاری تووند" دەبنەوە، لەوانەش سەپاندنی سزا، راگرتن یان دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی پێشوویان بەرامبەر یاساکانی ئێران.
بەپێی شیکارییەکە، لە کۆی ئەو 45 کەشتییە، لانیکەم 14 کەشتییان پێشتر لە رووداوەکانی نێو تەنگەی هورمز یان دەوروبەریدا زیانیان بەرکەوتووە، کە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی (ئای ئێم ئۆ)وە پشتڕاست کراونەتەوە.
دەزگەی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا تەواوی ئەو رووداوانەی وەکو هێرشی سەربازی پۆلێن کردووە، زۆربەیان لە ئاوەکانی بەرامبەر کەناراوەکانی عومان روویانداوە؛ واتە لەو رێڕەوە ئاوییەی ئەمریکا پاڵپشتیی دەکات و ئێران قەدەخەی کردووە.
داتاکانی کپلەر و خاوەندارێتیی کەشتییە ئیماراتییەکان
شیکاریی داتاکانی کۆمپانیای (کپلەر) بۆ بەدواداچوونی کەشتیوانی پێشانی دەدات زۆربەی کەشتییەکانی نێو لیستەکە (39 کەشتی) کەشتیی گواستنەوەی کاڵا و سووتەمەنی بوون لە سەرەتای ئاداری ئەمساڵەوە لانی کەم جارێک لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕیون.
داتاکان روونی دەکەنەوە هەندێک لەو کەشتییانە تاوەکو 12 جار لە تەنگەکە پەڕیونەتەوە، لەنێویشیاندا کەشتیی نەوتهەڵگری (ئالبەحیە) کە لە مانگی تەممووزدا کارمەندێکی گیانی لەدەستدا. لە کۆی 170 گەشتی ئەم کەشتییانە لەو ماوەیەدا، 75 گەشتیان بەرەو بەندەرەکانی ئیمارات بوون، هاوکات 70 گەشتیشیان دوا جێگەی بارکردنیان بەندەرەکانی ئیمارات بووە. بەپێی داتاکانی کپلەر، لانی کەم یەک لەسەر سێی کەشتییەکانی لیستەکەی ئێران خاوەندارێتییان بۆ کۆمپانیا ئیماراتییەکان دەگەڕێتەوە.
دەستەکەی ئێران، هۆشداریی داوە هەر کەشتییەکی دیکە مامەڵەی بازرگانی یان گواستنەوە لەگەڵ ئەم کەشتییانەدا بکات، ناوی دەخریتە نێو لیستە رەشەکەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کپلەر، پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە مانگی شوباتی 2026دا تێکڕای گشتیی هەموو جۆرە کەشتییەکان (بازرگانی، نەوت، دیکە) لەو کاتەدا لە نێوان 100 بۆ 140 کەشتی بووە لە رۆژێکدا.
دوای داخستنی تەنگەکە هاتووچۆی تێکڕای رۆژانەی کەشتییەکان دابەزی بۆ 15 کەشتی. لە رۆژانی کۆتاییدا ژمارەکە زیاتر کەم بووەتەوە و لە هەندێک رۆژدا تەنیا 2 بۆ 7 کەشتیی بازرگانی یان نەوتی تێپەڕیون. بەم شێوەیە هاتووچۆی ئێستا نزیکەی 80 بۆ 90٪ کەمترە لە ئاستی پێش جەنگ.
تەنگەی هورمز گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهانە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو، کە بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی سەربازیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە شوباتی 2026دا، نزیکەی 20%ی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو.
تاران لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دامەزراوەی تایبەتی بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەکە پێکهێنا و لە رێگەی گەڕانی دەریایی و درۆنەوە رێڕەوێکی نوێی سەپاند.
ئیمارات و وڵاتانی کەنداو، بەشێکی زۆری هەناردەی ئابوورییان بەستراوەتەوە بە تەنگەکەوە، کەوتوونەتە نێوان گوشاری جەنگی ئابووریی نێوان واشنتن و تاراندا.



