رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت خێرا دەکات، کە تێیدا نەوتی بەسرە بە پێشابووردا هەناردەی تورکیا و دەرەوە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە بەغدا پێشوازیی لە شاندێکی کۆمپانیای UCCی قەتەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کە نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان ئامادەی بوو، وردەکارییەکانی پڕۆژەی هێڵی بۆریی (بەسرە - حەدیسە - پێشابوور) بۆ تورکیا و (حەدیسە - بانیاس) بۆ سووریا تاوتوێ کران.
ئەو پڕۆژەیە لەلایەن یەک کۆمپانیاوە جێبەجێ ناکرێ، بەڵکو کۆمپانیای UCCی قەتەری سەرکردایەتیی کۆمەڵەیەک دەکات کە کۆمپانیاکانی شێفرۆن، TI کاپیتاڵ و تۆتاڵی فەرەنسی لەخۆدەگرێ. لە دیدارەکەدا باس لە جۆری گرێبەستەکە، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چەندین پرسی تەکنیکی و ئەندازیاری کرا.
وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە گرنگیی کات کردەوە و رایگەیاند، "پێویستە رێکارەکانی گرێبەستکردن خێرا بکرێن و هەموو ئەو ئاستەنگانە تێپەڕێندرێن کە دەبنە هۆی دواکەوتنی پڕۆژەکە."
بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان، وەزیری نەوت بڕیاری دا کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا هەفتانە کۆبوونەوەی بەردەوام بکەن. ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە گەیشتنە بە "مۆدێلێکی ئابووریی" گونجاو و دیاریکردنی رێڕەوی وردی بۆرییەکان تاوەکو خاڵی کۆتایی لە پێشابوور و بانیاس.
ئەم پڕۆژەیە وەک وەرچەرخانێک لە کەرتی نەوتی عێراقدا دەبینرێ، چونکە توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی وشکانییەوە زیاد دەکات و دەبێتەهۆی هەمەجۆرکردنی رێگاکانی گەیشتنی نەوت بە بازاڕە جیهانییەکان.



