رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک دۆلار لە ئاستە بەرزە مێژووییەکانی نزیک لە 200 هەزار تمەن بە جێگیری ماوەتەوە و یەک دۆلار بە 201 هەزار و 500 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی تۆمارکراو 206,100 تمەن و نزمترین نرخیش 200,700 تمەن بووە. بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی دۆلار 6.33% و لە ماوەی 6 مانگی رابردووشدا 21.09% بەرزبووەتەوە.
رۆژی سێشەممە نرخی دۆلار بە بەرزبوونەوەیەکی هەزار تمەنی دەستیپێکرد و گەیشتە سنووری 205 هەزار تمەن، بەڵام دواتر بەهۆی زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی و گۆڕانی پێشبینیی بازرگانان، نرخەکەی کەمێک پاشەکشەی کرد و لەنێوان 199 بۆ 200 هەزار تمەن جێگیر بوو.
گرنگیی عێراق بۆ ئێران
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە دوێنێ نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەنی بەرزکردەوە بۆ زیاتر لە 205 هەزار تمەن، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری داخرانی سنوورە وشکانی و ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عێراق بوو. ئەم بابەتە لە دوو رێگەوە کاریگەریی هەبووە: یەکەم، مەترسی لە پەککەوتنی هەناردەی ئێران بۆ عێراق و کەمبوونەوەی داهاتی دراوی بیانی زیادکردووە؛ دووەم، زیادبوونی خواست لەسەر کڕینی دۆلار لەلایەن ئەو گەشتیار و زیارەتکارانەی کە ناچار دەبن بۆ گەشتە ئاسمانییەکان پەنا بۆ کڕینی دۆلار ببەن.
عێراق یەکێکە لە گرنگترین بازاڕەکان بۆ کاڵای ئێرانی، هەربۆیە هەر پەککەوتنێک لە بازرگانیی نێوان ئەم دوو وڵاتە، مەترسیی کەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕدا دروست دەکات.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گوشارانە، بانکی ناوەندیی ئێران بڕیاری دا 500 ملیۆن دۆلاری نەختینە بخاتە ناو تۆڕی بانکی ئەو وڵاتەوە. ئەمە قۆناخی یەکەمی خستنەڕووە و بانکەکە دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات بڕەکەی زیاد دەکەن.
هەروەها لە دوێنێ سێشەممەوە کۆمپانیاکان دەتوانن تاوەکو 5000 دۆلار و کەسانی ئاساییش تاوەکو 1000 دۆلار لە بانکەکانی (میللەت، تیجارەت و سادیرات) بکڕن. ئامانجی بانکی ناوەندی لەم هەنگاوە، رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی نائاسایی نرخەکان و دابینکردنی پێداویستییە راستەقینەکانی بازاڕە.
پێشبینییەکان بۆ نرخی دۆلار
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە سنووری 200 هەزار تمەن ئێستا گرنگترین کۆڵەکەی پاڵپشتیی دۆلارە. ئەگەر خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە نرخەکەی بۆ 197 تا 199 هەزار تمەن دابەزێت.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر هەواڵەکانی پەیوەست بە داخرانی سنووری عێراق جددی تر بن، سزاکان تووندتر بکرێن و بانکی ناوەندی نەتوانێت وەڵامی ئەو خواستەی کە بۆ دۆلار هەیە بداتەوە، ئەگەری هەیە دۆلار دووبارە بەرزبێتەوە بۆ سەرووی 205 هەزار تمەن و تەنانەت بەرەو 210 هەزار تمەنیش هەنگاو بنێت.
هەروەها سیناریۆیەکی دیکە پەیوەستە بە هەواڵە سیاسییەکان؛ ئەگەر گفتوگۆکانی عاسم مونیر یان هەر هەواڵێکی ئەرێنی لەبارەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بڵاوببێتەوە، پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار بۆ کەمتر لە 200 هەزار تمەن دابەزێت.

