رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ چەندەمین رۆژی لەسەریەک دابەزی. هۆکاری ئەم دابەزینەش بۆ گەشبینییەکان دەگەڕێتەوە سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و قەتەر، کە چاوەڕوان دەکرێت ببنە هۆی کردنەوەی تەنگەی هورمز.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 60 سەنت دابەزی و گەیشتە 87.24 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش چوارەم رۆژی لەسەریەکە نرخی برێنت دادەبەزێت. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 56 سەنت دابەزی و گەیشتە 81.67 دۆلار، کە پێنجەم رۆژی لەسەریەکی دابەزینی بوو.
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئێران و عومان کار بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی رێککەوتنێک دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز. ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند هەردوو وڵات لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو رێڕەوە ئاوییە و داهاتەکانی رێککەوتوون، کە بەرهەمهێنەرانی سەرەکی نەوتی کەنداو بە بازاڕەکانەوە دەبەستێتەوە.
پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوبات، تەنگەی هورمز یەک لەسەر پێنجی تەواوی پێداویستیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی. بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی جووڵەی کەشتییەکان، دوای ئەوەی ئێران لە وەڵامی هێرشەکاندا هەوڵی داخستنی تەنگەکەی دا، گواستنەوەی نەوت لەو رێڕەوەوە بۆ چارەکێکی ئاستی پێش جەنگ دابەزیوە.
دانیال هاینز، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە بانکی (ANZ) لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەرانی بانکەکە دەڵێت، "نرخی نەوتی خاو رووی لە دابەزین کردووە، لەبەر ئەوەی بەهۆی گفتوگۆ بەردەوامەکان، ئەگەری دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز زیاتر بووە." بەڵام هۆشداریشی دا کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە کەمیی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا هەر ماون.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر بەرەو تاران بەڕێبکەوێت بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە ماوەی نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە.
ئەمریکا ماوەی مانگێکە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە و هەوڵدەدات گوشاری ئابووری زیاتر بخاتە سەر تاران، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران چاوەڕوانی کەمبوونەوەی ئاستەنگەکانی گواستنەوەی نەوت بن لە کەنداو.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێشتا لایەنەکان لە داواکارییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دوورن لە یەکدی و ئێران چەند جارێک کەشتییەکانی لە کەنداو و تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت. هەروەها بەرپرسانی ئێران دەڵێن تەنگەکە ناکرێتەوە، مەگەر ئەوەی ئەمریکا مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی مانگی حوزەیران جێبەجێ بکات.
هاینز ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی رووسیا-ئۆکراینا لەسەر بازاڕی گازوایل کرد، لەبەر ئەوەی لەو جەنگەدا پاڵاوگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیانیان بەرکەوتووە و ئۆکرایناش چەندین پاڵاوگەی رووسی پەکخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی رووسیا وەک دابینکارێکی سەرەکیی گازوایل لە جیهاندا.
کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازوایل لەسەر ئاستی جیهان لە داتاکانی کۆگاکانی ئەمریکادا رەنگیداوەتەوە. فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، یەدەگی سووتەمەنی لەوانەش گازوایل و نەوتی سپی لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ 103.4 ملیۆن بەرمیل.



