رووداو دیجیتاڵ
تەنیا چوار رۆژ کات ماوە بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی (هەژماری من)، بەشێکی خانەنشینان نیگەرانن لەوەی کە تاوەکو ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. پڕۆژەی هەژماری من دڵنیاییان پێدەدات، مووچەیان راناگیرێت.
بەگوێرەی پڕۆژەی (هەژماری من)، دوا مۆڵەت بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەکە 31ـی ئەم مانگەیە و دوای ئەوە دابەشکردنی مووچە بە نەخت رادەگیرێت.
پڕۆژەی (هەژماری من) ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو خانەنشینانەی مامەڵەیان تەواوکردووە و فۆڕمیان پێشکێش کردووە، کێشەیان نابێت و مووچەیان راناگیرێت".
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ رووداو، "دەبێت سەرجەم مووچەخۆران پێش 31ـی ئاب کارتەکانیان وەربگرنەوە، بە مەبەستی رێگری لە راگرتنی مووچەکانیان؛ ئەویش بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لە دوای 31ـی مانگی هەشتەوە دابەشکردنی مووچە بە شێوازی نەختینەیی (کاش) لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رادەگیرێت".
پڕۆژەکە دەڵێت: "ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو کەسانەیە کە تاوەکو ئێستا نەهاتوونەتە پێشەوە تاوەکو فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە، ئەوانەی هەنگاویان ناوە مووچەیان سەلامەت دەبێت".
بەگوێرەی نوێترین ئاماری پڕۆژەی هەژماری من، تاوەکو رۆژی 19ـی ئاب، 150 هەزار کارتی بانکی ماون وەربگیرێنەوە، لەو ژمارەیەش 80 هەزار کارتیان لە بانکە حکومییەکان دانراون و خاوەنەکانیان ناچن وەریبگرنەوە.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، 25ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: "کەسێک چەند مانگێکە خۆی تۆمارکردووە و کارتەکەی تەواو نەبووە، مووچەی راناگیرێت، چونکە ئەو ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە و ئەوە هەژماری منە کارتەکەی تەواو نەکردووە".
بەگوێرەی پڕۆژەی هەژماری من، تاوەکو ئێستا نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر ماون لە پڕۆژەکە خۆیان تۆماربکەن. پڕۆژەکە دەڵێت: "ئەوانەی تۆمارنەکراون بە کورتەنامەی مۆبایل داوایان لێکراوە خۆیان تۆماربکەن".
پڕۆژەی (هەژماری من) جەخت دەکاتەوە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە وەرگرتنی مووچە بە کاش نامێنێت.
بەگوێرەی نوێترین ئامار، 922 هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی حەوتیان لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە وەرگرتووە.
لە مووچەی مانگی تەممووزدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر 395 هەزار مووچەخۆر بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەیان وەرگرتووە، لە پارێزگای سلێمانی 314 هەزار مووچەخۆر، لە پارێزگای دهۆک 192 هەزار مووچەخۆر و لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەش 21 هەزار مووچەخۆر مووچە چووەتە سەر هەژمارەکانیان.
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و رێکخستنەوەی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان.


