رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق مامەڵەکردن بە هەژمارە بانکییەکانی 14 کەسایەتی و 19 کۆمپانیای راگرت، کە بەشێکیان لە کەرتەکانی نەوت و بازرگانی کاردەکەن. سەرچاوەیەک دەڵێت، بڕیارەکە بەهۆی "گومان لە مامەڵەکانیان" بووە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026 دەرچووە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاراستەی سەرجەم بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کراوە کە "بە هیچ شێوەیەک" مامەڵە بە هەژمارە بانکییەکانی ئەو کەس و کۆمپانیایانەوە نەکەن.
ئەو کۆمپانیایانەی کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، لە کەرتە هەستیارەکانی وەک: نەوت، بازرگانی، سامانی ئاژەڵ، پیشەسازییە گۆڕاوەکان، گواستنەوە و خزمەتگوزاریی دارایی کاردەکەن.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم رێکارە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم رێکارە پەیوەندیدارە بە بوونی گومان لە مامەڵە داراییەکانیان، بڕیاردراوە هەژمارەکانیان رابگیرێت تاوەکو لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەوە دەکرێت."
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە داوە, ئەم رێکارە تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت. هاوكات هۆشداریی داوەتە سەرجەم بانکەکان کە هەر لایەنێک بەپێچەوانەی ئەم بڕیارە مامەڵە بکات، "
ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە ماددەی 40ـی یاسای بانکی ناوەندی، کە دەسەڵاتی تەواوی چاودێریکردن و رێکخستنی کاروباری بانکەکان و لقەکانیان دەداتە بانکی ناوەندی، بە مەبەستی پاراستنی سیستەمی دارایی وڵات و رێگری لە هەر مامەڵەیەکی نایاسایی.




