رووداو دیجیتاڵ
نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن، رۆژی یەکشەممە بەراورد بە رۆژی شەممە 3,000 تمەن یان (1.47%) بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 206,900 تمەن.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، دۆلاری ئەمریکی لە بەرزترین ئاستی دا بە 206,900 تمەن و لە نزمترین ئاستی دا بە 203,400 تمەن مامەڵەی پێوە کراوە. بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی دۆلار نزیکەی 3.19% بەرزبووەتەوە. لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا دۆلار بە گشتی 24.34% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
سزای نوێ و مەترسییەکان لە نێو بازاڕی دراودا
پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرە کاریگەرەکان لە بازاڕی دراو، بەردەوامبوونی گوشارە ئابووری و سزاکانە دژ بە ئێران. لە رۆژانی رابردوودا، ئەمریکا خولێکی نوێی سزای بەسەر تۆڕی دارایی و بازرگانی پەیوەندیدار بە نەوتی ئێران دا سەپاند. بەشێک لەو هەنگاوانە، کەناڵە داراییەکان و ئەو نێوەندگیرانەی کردووەتە ئامانج کە بۆ گواستنەوەی پارە و بازرگانی دەرەکی ئێران گرنگن.
بارودۆخی بازرگانی دەریایی و هاتوچۆی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە. دانوستاندنەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز بەردەوامن، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەرکردنی تەواوەتی قەیرانەکە و گەڕانەوەی بارودۆخەکە بۆ دۆخی ئاسایی بەدی ناکرێت. ئەم کێشانە دەتوانێت نیگەرانی مامەڵەکاران سەبارەت بە رەوتی بازرگانی و هاتنی دراوی بیانی بۆ نێو بازاڕی ئیران بە بەرزی بهێڵێتەوە.
پێشبینی نرخی دۆلار
پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە مەودای 200 هەزار تمەن هێشتا وەک یەکێک لە گرنگترین پاڵپشتییە کورتخایەنەکانی دۆلار ئەژمار دەکرێت. گەڕانەوەی نرخ لەم مەودایە و جوڵەی بەرەو ئاستەکانی 206 هەزار تمەن دەریدەخات ئەم ئاستە لە ئێستا پاڵپشتییەکی دەروونی گرنگە بۆ بازاڕ. ئەوان دەڵێن ئەگەر هەواڵی توندبوونەوەی سزاکان و بەربەستە ئابوورییەکان لە بازاڕدا بمێننەوە و هیچ ئاماژەیەکی سیاسی ئەرێنی بڵاو نەکرێتەوە، نرخی دۆلار دەتوانێت لە مامەڵەکانی داهاتوودا ئاستی 206 هەزار تمەن بەرەو سەرەوە تاقی بکاتەوە.
جێگیربوون لە سەرووی ئەم ئاستەش دەتوانێت رێڕەوی جوڵەی دۆلار بەرەو ئاستەکانی 207 تاوەکو 210 هەزار تمەن بکاتەوە.
بەڵام لە سیناریۆی پێچەوانەدا، ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا هەواڵێکی روون و جێی متمانە سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان، بەرەوپێشچوونی دانوستاندنە ناوچەییەکان یان کرانەوەی رێڕۆ بازرگانییەکان بڵاو بکرێتەوە، بەشێک لە خواست بۆ کڕینی دۆلار دەتوانێت لە بازاڕ کەم ببێتەوە. لەو کاتەدا، ئاستەکانی 202 تا 200 هەزار تمەن یەکەم ناوچەی پاشەکشەی نرخی دۆلار دەبێت و لەدەستدانی ئاستی 200 هەزار تمەن دەتوانێت نرخەکە بەرەو 197 تا 199 هەزار تمەن ئاراستە بکات.

.jpg&w=3840&q=75)