رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ناوەندیی پێوانەکاری و کۆنترۆڵی جۆری لە عێراق دەڵێ، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 16 تۆن و 500 کیلۆگرام زێڕ لە رێگەی پێنج فڕۆکەخانەی وڵاتەکەوە هاوردە کراوە و پشکنینی بۆ کراوە. بەڵام کەمتر لە پێنج کیلۆ زیو هاوردەکراوە.
د. فەیاز محەممەد دلێمی، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەکاری و کۆنترۆڵی جۆری لە عێراق رایگەیاند، لە 1-1-2026ـەوە تاوەکو 31-7-2026، لە رێگەی ئەو پێنج فڕۆکەخانەیەی کە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاوردەکردنی زێڕ دیاری کردوون (بەغدا، نەجەف، بەسرە، کەرکووک و موسڵ)، بڕی 16 تۆن و 500 کیلۆگرام زێڕ هاوردە کراوە و لەلایەن یەکە تایبەتەکانی دەزگاکەیانەوە پشکنیی بۆ کراوە و مۆر کراوە.
سەرۆکی دەزگای کۆنترۆڵی جۆری، ئاماری هاوردەکردنی زیوی بە بەراورد بە زێڕ ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "رێژەی زیوی هاوردەکراو بەراورد بە زێڕ، کەمترە لە 2% و بڕەکەی زۆر کەمە. لە حەوت مانگدا بڕی ئەو زیوەی هاوردە کراوە و تۆمار کراوە ناگاتە 5 کیلۆگرام".
سەرۆکی دەزگای کۆنترۆڵی جۆری ئاماژەی بەوە کرد کە قورسایی سەرەکیی هاوردەکردن لەسەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەفە و گوتی: "فڕۆکەخانەی بەغدا لە پلەی یەکەمدایە، چونکە گەورەترین و چالاکترین فڕۆکەخانەیە. دوای ئەویش فڕۆکەخانەی نەجەف و پاشان بەسرە دێت. بڕی هاوردەکراو لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی موسڵ و کەرکووکەوە زۆر کەمە."
زۆربەی ئەو زێڕەی هاوردەی عێراق دەکرێ، لە ئیمارات و تورکیاوە دێت. د. فەیاز دلێمی دەڵێت: "زیاتر لە 60%ی زێڕەکە لە ئیماراتەوە دێت و لە دوای ئەویش تورکیا دێت."
لەبارەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش، دلێمی گوتی: "ئێستا هاوئاهەنگییەکی هاوبەش لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای بگرێتەوە."
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئابی 2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ـی 'ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ'.
نزیکەی 900 کۆمپانیا بە شێوەیەکی فەرمی لەلای دەزگای کۆنترۆڵی جۆری تۆمارکراون کە کاری هاوردەکردنی زێڕ دەکەن. مەرجی سەرەکی بۆ کردنەوەی کۆمپانیا ئەوەیە کە خاوەنەکەی پێشینەی پێنج ساڵ کاری زێڕنگەریی هەبێت.
هەر گەشتیارێک مافی هەیە تەنیا بڕی 250 گرام (چارەک کیلۆیەک) زێڕ لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە نێو عێراق یان بیباتە دەرەوە.
د. فەیاز دلێمی لەبارەی ناردنە دەرەوەی زێڕ بۆ مەبەستی دروستکردنەوە گوتی: "لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ داواکارییەک بۆ ناردنەدەرەوەی زێڕ بەمەبەستی نەخشاندنەوە پێشکێش نەکراوە، بەڵام ئەم کارە رێگەپێدراوە، ئەویش بە مەرجێک 50%ی بەهای زێڕەکە وەک بارمتە بۆ 90 رۆژ لە بانکی ناوەندی دابنرێت."
دەزگای کۆنترۆڵی جۆری بۆ پشکنینی هەر کیلۆگرامێک زێڕ، بڕی 350 هەزار دینار وەردەگرێت.


