رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە. دەستپێکردنەوەی جەنگ و پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جارێکی دیکە ترسی پچڕانی دابینکردنی نەوتی خاوی لە جیهاندا دروستکردەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 56 سەنت یان 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتنە 91.05 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 83 سەنت یان 1% بەرزبووەوە و گەیشتە 86.59 دۆلار.
رۆژی رابردوو، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 2.7% بەرزبووەوە گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای 25ی ئابەوە. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 2.8% بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستی بوو لە 21ی ئابەوە.
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی زیاتری بۆ سەر ئێران کرد، ئەمەش دوای یەکەم هێرشی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی مانگێکدا کە رۆژی یەکشەممە روویدا.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ئێران گەڕاوەتەوە ناو هاوکێشەکەوە. ئەوەش ئەگەری زیان گەیاندن بە ژێرخانی وزە لە دەوروبەری کەنداو زیاد دەکات و ناڕوونییەکی نوێ بۆ کەشتیوانی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دروست دەکات. ئەو دوو مەترسییانە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاودا رەنگدانەوەیان هەبووە."
داتاکانی کەشتیوانی لە کۆمپانیای (کێپلەر) نیشانی دەدەن کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ژمارەی ئەو کەشتییانەی کە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون بۆ پێنج کەشتی لە رۆژێکدا کەمی کردووە.
هەوڵەکانی ناوبژیوانان، بە قەتەر وعومانیشەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. ئەم تەنگەیە پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە لە کۆتایی مانگی شوباتدا، نزیکەی پێنج یەکی پێداویستییە نەوتییەکانی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کەشتییەکی نەوتی بە سێ مووشەک پێکراوە لەکاتێکدا لە تەنگەی هورمز دەچووە دەرەوە. هیچ زیانێکی گیانی یان کاریگەری ژینگەیی رانەگەیێندراوە.
رۆژی هەینی، ترەمپ رێککەوتنێکی لەگەڵ ڤەنزوێلا راگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنی یەدەگی نەوت لەو وڵاتەدا، کە دواتر گوتی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا، کە ئێستا لە نزمترین ئاستی خۆیدایە لە ماوەی 44 ساڵی رابردوودا.
هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی خاو لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا نزیکەی 3.1 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، بەمەش قەبارەی کۆگاکە بۆ 286.6 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.


