رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ چوارشەممە نرخی زێڕ بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەی
رابردوودا دابەزی. ئەوەش دوای ئەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە
بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی ترس لە هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی سوودی
بانکی.
نرخی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمرۆ بە رێژەی 0.6% دابەزی
و گەیشتە 4290 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. ئەوەش
نزمترین ئاستە لە دوای 7ی ئابەوە تۆمارکرابێت. بەو پێیەش نرخی زێڕ بۆ چوارەمین رۆژی
یەک لە دوای یەکە دادەبەزێت.
نرخی زێر لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی کانوونی یەکەم، بە رێژەی
1% دابەزی و گەیشتە 4,350 دۆلار.
بەهۆی بەهێزیی بەهای دۆلار، کڕینی کانزا گرانبەهاکان بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی
دراوەکانی دیکە بەکاردەهێنن گرانتر بووە.
رۆژی سێشەممە، ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئێران و
تاران وەڵامی دایەوە، ئەوەش بە جیدیترین پەرەسەندنی گرژییەکان لە چەند هەفتەی
رابردوودا دادەنرێت. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی نرخی نەوت بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک بەرزبێتەوە
و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش زیاد بکات.
باس کۆیمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای ( دی ئێچ ئێف کاپیتاڵ)
لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای گرژییەکانی نێوان ئەمریکا
و ئێران، ترسی هەڵاوسانی زیاتر کردووە. گرانبوونی نەوتی خاو دەبێتە هۆی
تووندترکردنی سیاسەتی نەختی و بەرزبوونەوەی سوودی بانکی، ئەوەش هەلی بەرزبوونەوەی
نرخی زێڕ سنووردار دەکات."
بەگوێرەی پێنوێنی (CME FedWatch)،
بازرگانان بە رێژەی 67% پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەی بانکی ناوەندی ئەمریکا،
سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
مایکل بار، یەکێک لە پارێزگارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند،
ئەگەر هەڵاوسان بە خێرایی دانەبەزێت، کاتی ئەوەیە بانکەکە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
هەفتەی رابردووش کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئاماژەی بە ئەگەری بەرزکردنەوەی
سوودی بانکی کردبوو.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە راپۆرتی هەلی کار، (ADP) ، کە پەیوەستە بە کەرتی تایبەت بڵاوبکرێتەوە و رۆژی هەینیش ئامارە
گرنگەکانی دیکەی بازاڕی کار، ( NFP) ،
لەلایەن حکومەتی ئەمریکاە بڵاودەکرێتەوە.
هەروەها باس کۆیمان دەڵێت،
"ئەگەر ئامارەکان لاواز بن، رەنگە گوشارەکان لەسەر زێڕ کەم ببنەوە، بەڵام
ئامارە بەهێزەکان یان لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندی رەنگە بەردەوامی
دابەزینی نرخی زێڕی بەدواوە بێت."



