رووداو دیجیتاڵ
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رەتیکردەوە واشنتن "نەوتی ڤەنزوێلا بدزێت"، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا مافی دەرهێنان و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری سامانە سرووشتییەکانی ئەو وڵاتەی بەدەستهێنا.
رایت کە بۆ سەرپەرشتیکردنی واژۆکردنی زنجیرەیەک رێککەوتنی بواری وزە بە بەهای چەندین ملیار دۆلار سەردانی ڤەنزوێلای کردووە، لە فڕۆکەخانەی کاراکاسی پایتەختی وڵاتەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو ناونیشانانەم بینیوە کە دەڵێن 'نەوتی ڤەنزوێلا دەدزین'. بێگومان ئەوە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، بەڵکو نەوتەکە موڵکی گەلی ڤەنزوێلایە."
"ئەو ناونیشانانەم بینیوە کە دەڵێن نەوتی ڤەنزوێلا دەدزین، بەڵکو نەوتەکە موڵکی گەلی ڤەنزوێلایە"
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە کاتی لێدوانێکیدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی وزەی نێوان واشنتن و کاراکاس. وێنە: Getty Images
رەهەندەکانی رێککەوتنی نەوتی ئەمریکا و ڤەنزوێلا بە ژمارە
| بڕی نەوتی کۆنترۆڵکراو: | 65 ملیار بەرمیل (20٪ی یەدەگی ڤەنزوێلا) |
| داهاتی پێشبینیکراو بۆ ڤەنزوێلا: | 209 ملیار دۆلار (لە 25 ساڵی داهاتوودا) |
| ژمارەی دانیشتووانی ڤەنزوێلا: | 28.4 بۆ 31.8 ملیۆن کەس |
وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێت، کۆمپانیا تایبەتەکان پارە بۆ بەرهەمهێنانی نەوتەکە دابین دەکەن، بەڵام قازانج، پشک و باجەکان بۆ حکومەت و گەلی ڤەنزوێلا دەبن. ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنیا ئەوەیە کە سامانێکی ژێرزەویی بەکارنەهێندراو کە هیچ سوودێکی بۆ گەلی ڤەنزوێلا نەبووە دەردەهێنین و پارە و تەکنەلۆجیای پێویستی بۆ گەشەپێدان بۆ دابین دەکەین."
رایت هەروەها جەختی لە گرنگیی چاککردنەوەی کەرتی کارەبای ڤەنزوێلا کردەوە، کە بەشێکی زۆری وڵاتەکە رۆژانە بۆ چەندین کاژێر بێ کارەبا دەبن و گوتیشی: "کەرتی نەوتیش بۆ کارکردن پێویستی بە کارەبایە."
وەزیرە ئەمریکییەکە گەشبینیی خۆی دەربڕی کە بتوانرێت لە رێگەی پلانێکی پێنج ساڵەوە سوود لە ژێرخانی ئێستای کارەبای ڤەنزوێلا وەربگیرێتەوە.
ژێرخانی نەوت و پالاوگەکانی ڤەنزوێلا کە پێویستیان بە وەبەرهێنانی نوێ هەیە بۆ گەشەپێدان. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ: "ئەمە گەورەترین رێککەوتنی نەوتییە لە مێژووی جیهاندا"
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ داواکارییەکانی بۆ کردنی هەڵبژاردن لە ڤەنزوێلا رەتکردەوە، هەرچەندە هیوایەک هەبوو بەوەی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی راگوزەر و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بە پاڵپشتیی واشنتن، ببێتە هۆی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە.
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی: "پێموانییە هێشتا ئامادە بن. دەزانن، بابەتەکە زۆر نوێیە. ئێمە ئەوانمان لە دیکتاتۆرییەت رزگار کرد و ئێستا زۆر بە باشی لەگەڵ حکومەتەکە هەڵدەکەین."
مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلایان لە دەسەڵات دوورخستەوە، لەو کاتەشەوە دێلسی رۆدریگێز، جێگری پێشووی مادورۆ وەک سەرۆکی حکومەتی راگوزەر وڵات بەڕێوەدەبات. رۆدریگێز کە بە پاڵپشتیی ترەمپ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە هەڵبژاردن دەبێت لە کاتێکدا بکرێت کە "ڤەنزوێلا ئامادە بێت."
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە، وەزیری وزەی ئەمریکا روونیکردەوە کە پرۆسەیە و سەرەتا پێویست بە چاکسازی هەیە، لە نێویاندا پێداچوونەوە بە دادگەی باڵای ڤەنزوێلا.
رایت گوتی: "پلانی هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو بەردەوام دەبین لە ئامادەکردنی ژێرخانی وڵاتەکە بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا هەڵبژاردن بکرێت."
بە گوتەی رایت، پێش ئەوەی خەڵک دەنگ بدەن، دەبێت ئابووریی وڵاتەکە جێگیر بێت و "ناکرێت دەستەوسان دابنیشیت و چاوەڕێ بکەیت تاوەکو کاتی هەڵبژاردن دێت."
