رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت پاشەکشەی کرد، ئەوەش دوای سێ رۆژ لە بەرزبوونەوەی لەسەریەک. دابەزینەکە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات کە رایگەیاند هێرشە نوێیەکان بۆ سەر ئێران زۆر ناخایەنن، هاوکات بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژەیان بە دەستپێکردنەوەی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز کرد.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ بە رێژەی 0.4% دابەزی و گەیشتە 95.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.2% دابەزی و گەیشتە 90.80 دۆلار.
ئەم پاشەکشەیە لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە هەردوو جۆری نەوت بە رێژەی 1% بەرزبوونەوە و گەیشتنە بەرزترین ئاستی پێنج هەفتەی رابردوویان.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە دڵنیایی دایە بازاڕەکان و رایگەیاند کە هەڵمەتی سەربازیی وڵاتەکەی دژی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام نابێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی بازاڕی سەبارەت بە پچڕانی دابینکردنی نەوت رەواندەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا سیستمە راداری و مووشەکییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەگەڵ ئەو توانایانەی کە پەیوەندییان بە چاندنی مینەوە هەیە لە دەوروبەری تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز وەک چەقێکی گرنگی بازاڕی نەوت ماوەتەوە. کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە تەنگەکەدا تێپەڕیوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەو کاتەوەی ململانێکان بوونە هۆی کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا، جووڵەی کەشتیوانی هێشتا ناسەقامگیرە؛ داتاکانی دامەزراوەی (Kpler) نیشانی دەدەن کە رۆژی سێشەممە تەنیا چوار کەشتیی بازرگانی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، لەکاتێکدا تێکڕای تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە 10 رۆژی رابردوودا رۆژانە 13 کەشتی بووە.

