رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە دوو ملیۆن و 180 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەن، کە 150 هەزار بەرمیلی، نەوتی هەرێمی کوردستانە و بڕەکەشی لە زیادبووندایە.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا بە تێکڕا زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت".
سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 150 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات".
سەلیم رووکابی، ئاماژەی بە وردەکاریی هەناردەکە دا و گوتی: "بە تێکڕا لە بەندەرەکانی باشووری عێراق رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکرێت و بڕەکە لە زیادبووندایە. هەروەها لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نزیکەی 180 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 150 هەزار بەرمیلی، نەوتی هەرێمی کوردستان و 30 هەزار بەرمیلەکەی دیکەی، نەوتی کەرکووکە و بڕی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە زیادبووندایە".
جگە لە نەوتی خاو، وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتی رەش بە تانکەر هەناردەی سووریا دەکات.
رۆژی 29ی ئابی 2026 كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، رایگەیاند، كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە نزیكەی 220-250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
رۆژی سێشەممە، 1ی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ستافی باڵای وەزارەتی نەوتی کرد بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ستراتیژیی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵانی 2027-2030.
زەیدی، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پێویستە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی دا بە زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئاراستەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقی کردووە، لە هەشت مانگی رابردوودا (لە کانوونی دووەم تاوەکو 22ی ئاب)، تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهان، بەندەرەکانی باشوور و ئوردن و نەوتى گەیارە، گەیشتووەتە 418.7 ملیۆن بەرمیل نەوت و داهاتەکەشی 28 ملیار دۆلار بووە. نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە مانگی ئابدا لەنێوان 56 بۆ 62 دۆلاردا بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لەو ماوەیەدا، تێکڕای نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکووک کە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە کراون، گەیشتووەتە 41 ملیۆن بەرمیل.
راپۆرتەکە باس لەوەدەکات، زۆرترین بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکووک لە مانگی کانوونی دووەمدا بووە، کە 6.2 ملیۆن بەرمیل بووە، کەمترینیشی لە مانگی ئاداردا بووە، کە 3.1 ملیۆن بەرمیل بووە.
تاوەکو 22ی ئاب تێکڕای ئەو نەوتەی هەرێمى کوردستان لەو رێگەیەوە هەناردە کراوە گەیشتووەتە 20.1 ملیۆن بەرمیل نەوت، بە تێکڕای رۆژانەی 86 هەزار بەرمیل.
ئامارەکان دەریانخستووە لە 22 رۆژی مانگی ئابدا، 6.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە و داهاتەکەشی بە 2.4 ملیار دۆلار دیاری کراوە.

