رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 15 هەزار هەنگەوان ئەم ساڵ هەنگوینیان دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەیان بگاتە دوو هێندەی پار و پێویستیان بە هاوردەکردن نەبێت.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پار 400 تۆن هەنگوینمان بوو، بەڵام ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین بگاتە زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕە."
پێشبینییەکانی سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بۆ زیادبوونی هەنگوین، بۆ زۆری باران و لەباربوونی کەشوهەوای ئەم ساڵ سەرچاوە دەگرێ، ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەم ساڵ هێشتا بڕینی هەنگوین بەردەوامە، بۆیە نەمانتوانیوە داتای نوێ بە وردی وەربگرین."
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، 800 هەزار پوورەهەنگی سندووقی نوێ و 35 هەزار سەبەتەی کۆنی بەخێوکردنی هەنگ لە هەرێمی کوردستان هەن و لەلایەن 15 هەزار هەنگەوانەوە خاوەنداریێتی دەکرێن.
لەبارەی هەناردەکردنی هەنگوینەوە، عارف شێروانی گوتی: "چەند ساڵێکە بەرهەممان هێندە زۆر نەبووە بینێرین، ئێمە لانیکەم بۆ نێوخۆ پێویستمان بە 525 تۆنە، پاشان چەند ساڵێکە نرخی هەنگوین لە نێوخۆدا باشترە و پارەی باشتر دەکات، بۆیە هەنگەوانان پێویستیان بە هەناردەکردن نییە."
بەگوێرەی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، زۆربەی هەنگوینی هەرێمی کوردستان بەرهەمی سنووری پارێزگای هەولێرە، پاشان دهۆک و سلێمانی.
عارف شێروانی گوتی: "زۆر گرنگە خەڵک هەنگوین راستەوخۆ لە هەنگەوانان بکڕن، چونکە ئێستا فێڵکردن زۆر بووە بەناوی هەنگوینی باشەوە، لەکاتێکدا بەو شێوەیە نییە و ئەوانەی نمایش دەکەن و هەندێک دەڵێن نرخی کیلۆی 100 دۆلارە، خۆیان لە خەڵکی دیکەیان کڕیوە و دەڵێن گوایە بەخێویان کردووە."
سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان لەبارەی نرخی هەنگوینەوە گوتی: "هەنگوین لە دەستی یەک بکڕدرێت، کیلۆیەکی پاڵاوتەکراو 40 هەزار دینارە، ئەگەر شانە بێت و زەردییەکەی کەم بێت 50 هەزار دینارە، شانە بێت و تەواو سپی بێت کیلۆی 60 هەزار دینارە، ئەگەریش شانەیەک بێت هیچ دەستی مرۆڤی پێنەگەیشتبێت کیلۆی 70 هەزار دینارە."
عارف شێروانی پێشبینی دەکات، بەرهەمی ئەم ساڵ هێندە زۆر بێت بتوانن هەناردەی بکەن. دەشڵێت: "هێشتا هاوردەکردنی هەنگوینی زۆر خراپی ئێرانی و تورکی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە، کە زیانی زۆری بە بەرهەمی نێوخۆ گەیاندووە و زۆریش خراپە بۆ تەندروستی مرۆڤ، چونکە کواڵیتیی سفرە".


