رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ دانانی پلانی کشتوکاڵیی ساڵی نوێ دەستپێکردووە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ دەکرێت، گوتەبێژی ئەو وەزارەتە ئاماژە بەوە دەکات کە پلانی ساڵی نوێ جیاوازتر دەبێت لە ساڵانی پێشوو بەهۆی زۆریی باران و ئاستی ئاوی رووبارەکان، جگە لە گەنم بەرهەمی دیکەش دەخرێتە نێو پلانەکەوە، بڕیارە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی ساڵانی پێشوو هەبوون سەردانی بەغدا بکات.
هەینی 4ـی ئەیلوولی 2024، قوسەی خەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ دانانی پلانی کشتوکاڵیی ساڵی داهاتوو لەگەڵ دانانی بنەمای پێویست بۆی، وەزیری کشتوکاڵیش چەندین کۆبوونەوەی لەو بارەیەوە ئەنجامداوە لەوانە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو.
پلانی کشتوکاڵی بۆ دیاریکردنی رووبەری زەویی چێنراو بە گەنمە و لەسەر ئەو بنەمایەش گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.
قوسەی خەتاب رایگەیاند کە پلانی کشتوکاڵیی ساڵی داهاتوو جیاواز دەبێت لە پلانی کشتوکاڵیی ساڵانی پێشوو، بەوپێیەی کە بڕی ئاوی پێویست زیاتر بووە لە رێگەی زۆریی باران و بەردانەوەی ئاوی رووبارەکان. ئەوە جگە لەوەی بەرهەمی دیکە جگە لە گەنم دەخرێتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە، لەوانە برنج و گەنمەشامی، هەروەها رووبەرێکی فراوانتر لە زەویی دێمی لە پلانی کشتوکاڵیدا دەبێت.
بۆ پلانی کشتوکاڵیی ئەمساڵ، 4.5 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی دیاریکراون بۆ ئەوەی بە گەنم بچێندرێن و نرخی یەک تۆنی بە 700 هەزار وەرگیرا، دیاریکردنی بڕی زەویی چێنراو بەگوێرەی ئاستی ئاو دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: بڕیارە رۆژی شەممە (5ـی ئەیلوول) کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکان ئەنجام بدرێت لەبارەی پلانی کشتوکاڵییەوە.
هەرچەندە گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەی هاوبەشی کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەبارەی پلانی کشتوکاڵی پەیوەندیی پێوە نەکردووین کە دەبوو بیانکردایە."
بۆ ئەمساڵ حکومەتی فیدراڵی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکرد کە وەریبگرێت، کە کەمترە لە نیوەی ئەو بڕە گەنمەی ساڵانە بەرهەم دەهێندرێت.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راستەوخۆ گفتوگۆ بکەن لەبارەی ئەو خاڵانەی پەیوەندیدارن بە پلانی کشتوکاڵیی گەنمی جووتیاران و رۆژمێری کشتوکاڵی، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕوویان بووەتەوە.
لەو 400 هەزار تۆن گەنمەی کە بەغدا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بڕیاری وەرگرتنی دا، 292 هەزار تۆنیان لەنێو پلانی کشتوکاڵ و 108 هەزار تۆنیان لە دەرەوەی پلانەکە بوون.
رزگار حەمەد خدر رایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ بەرچاوڕوونن کە کشتوکاڵ و بارانی باش دەبێت، ساڵانە سێ ملیۆن دۆنم زەوی دەکێڵرێت و بەرهەمەکەشی زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە.




