رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد بۆ خستنەڕووی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا و رایگەیاند، جێبەجێکردنی سیستمەکە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
د. ئامانج رەحیم، بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەغدا کرد و لەبارەی ئەنجامەکەیەوە، ئەمڕۆ هەینی 4ی ئەیلوول راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و گوتی، یاداشتێکی دەستووری، یاسایی و داراییان پێشکێش کردووە و جەختیان کردووەتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدای داوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ: "سیستمی ئەسیکۆدا تەنیا بەئەلکترۆنیکردنی رێکارە گومرگییەکان نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیجییە بۆ دروستکردنی سیستمێکی نیشتمانیی یەکگرتووی دیجیتاڵی، یەکخستنی پێناس و رێکارە گومرگییەکان، هاوبەشکردنی داتا و زانیارییەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا، بەجۆرێک کە تایبەتمەندییە دەستووری و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، دواخستنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان "زیانی گەورە"ی بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
راشگەیێندراوە: "بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە مانگی ئاداری 2026ـەوە داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان 78% دابەزیوە، لە کاتێکدا لە حکومەتی فیدراڵیی دوای جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا داهاتە گومرگییەکانی 114% زیادی کردووە".
لە راگەیێندراوی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دەرفەت بە وەزارەتەکانی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان درا بۆ رێککەوتن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازەکان، بە ئامانجی ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند بکرێت.
دەقی راگەیێندراوەکە:
"بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداربووم لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە بەغدا، بۆ خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتێکی دەستووری، یاسایی و داراییمان پێشکێش کرد و روونمان کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی ASYCUDAی داوە و لە چوارچێوەی دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریدا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستهاتووە و زۆربەی بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان یەکلایی کراونەتەوە.
جەختمان کردەوە کە ASYCUDA تەنیا بەئەلکترۆنیکردنی رێکارە گومرگییەکان نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ دروستکردنی سیستمێکی نیشتمانیی یەکگرتووی دیجیتاڵی و پتەوکردنی رۆڵی تەواوکاریی یاسایی و ئابووری لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی. لەو چوارچێوەیەدا، تەعریفە و رێکارە گومرگییەکان یەکدەخرێن کە ئێستا دوو تەعریفەی گومرگی و رێکاری جیاواز لە هەرێم و فیدراڵ جێبەجێ دەکرێن، یەکخستنی یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکان بە بازرگانی و هاوبەشکردنی داتا و زانیارییەکانی هەردوولا؛ بە تایبەتی لە بوارەکانی (تۆماری کۆمپانیاکان، مۆڵەتی هاوردە و هەناردە، مۆڵەتی وەبەرهێنان، کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان، ئەستۆپاکی باج، پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری، رۆژنامەی کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ).
ئامانج لە ئەسیکۆدا دروستکردنی داتا سەنتەرێکی نیشتمانیی دیجیتاڵی یەکگرتووە بۆ بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ بە شێوەیەک کە هەردوو حکومەت دەستیان بە داتا و زانیارییە دروستەکان بگات و دان بە بەڵگەنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانی یەکدیدا بنێن کە لە ئێستادا کار بە بەڵگەنامەی یەکتر ناکەن، لە هەمان کاتدا تایبەتمەندییە دەستووری و کارگێڕییەکانی هەرێم بپارێزرێن.
خاڵی سەرەکیی ماوە بۆ یەکلاییکردنەوە، میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمە. لەم بارەیەوە پێشنیاری حکومەتی هەرێممان بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، یاسای بودجە و بڕیارە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو.
جێبەجێکردنی ASYCUDA هەنگاوێکی گرنگە بەرەو شەفافییەت، کەمکردنەوەی دەستوەردانی مرۆیی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی. هەروەها، دەرفەت بۆ بازرگان و هاوردەکارانی هەرێم دەڕەخسێنێت بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق، کە ئێستا لێی بێبەشن.
بەداخەوە، دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە دەروازەکانی هەرێم کاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتەکانی هەرێم هەبووە. بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، لە مانگی ئاداری 2026ـەوە داهاتی دەروازەکانی هەرێم بە رێژەی 78٪ دابەزیوە؛ لە کاتێکدا لە حکومەتی فیدراڵیی دوای جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا داهاتە گومرگییە فیدراڵییەکان بە رێژەی 114٪ زیادی کردووە.
دابەزینی داهاتی دەروازەکانی هەرێم توانای هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی سنووردار کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025 هەرێم بەردەوام مانگانە 120 ملیار دیناری وەک بەشی خەزێنەی فیدراڵی ناردووە.
بۆیە، خێراکردنی جێبەجێکردنی ASYCUDA یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی هەرێم بەرامبەر بەغدا و ئاسانکاری بۆ بەردەوامیی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها، جێبەجێکردنی سیستمەکە بازاڕی گەورەی عێراق بە رووی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمدا دەکاتەوە، تاکو جووڵەی بازرگانیی ئەم دەروازانە تەنیا بە بازاڕی هەرێم سنووردار نەبێت و ببێتە بەشێک لە بازاڕی یەکگرتووی عێراق؛ ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی چالاکبوونەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی تێچووی هاوردە و نرخی کاڵا و شمەک.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن بەڕێزان سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کرا و دەرفەت بە وەزارەتەکانی دارایی فیدراڵ و هەرێم درا بۆ رێککەوتن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازەکان؛ بە ئامانجی ئەوەی رێککەوتنی کۆتایی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ پەسند بکرێت و سیستمی ASYCUDA بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.
باوەڕمان وایە چارەسەری بنەڕەتیی ئەم بابەتانە لە رێگەی گفتوگۆ، هاوکاری و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا دەبێت؛ بە شێوەیەک کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن و لە هەمان کاتدا خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی عێراقیش بخرێت."



