رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق دەڵێ، داهاتی گومرگی عێراق تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چوار تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت؛ ئاماژەی بەوەش دەکات، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا.
رۆژی هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داهاتی گومرگ لە مانگی تەممووزدا 560 ملیار دینار بوو و لە مانگی ئابیشدا بڕی 480 ملیار دینار داهات کۆکراوەتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق پێشبینی دەکات داهاتی گومرگ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ریکۆردێکی نوێ تۆماربکات و ئاماژەی بەوە کرد: "تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول پێشبینی دەکەین کۆی داهاتەکە بگاتە سێ تریلیۆن دینار، هەروەها تاوەکو کۆتایی ساڵیش چاوەڕوان دەکەین داهاتی گومرگ چوار تریلیۆن دینار تێپەڕێنێت."
سەبارەت بە کاریگەرترین دەروازەی سنووری، سامر قاسم ئاشکرای کرد کە ئێستا دەروازەی تریبڵ (لەگەڵ ئوردن) یەکێکە لە چالاکترین دەروازە بازرگانییەکان و گوتی: "دوای کەمبوونەوەی داهاتی بەندەرەکان بەهۆی جەنگەوە، ئێستا دەروازەی تریبڵ لەگەڵ ئوردن یەکێکە لە پڕ جووڵەترین دەروازەکانی عێراق."
عێراق22 دەروازەی فەرمیی سنووریی (وشکانی، دەریایی و ئاسمانی) هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگ و قەیرانی تەنگەی هورمزی گوتی: "بەهۆی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز، داهاتی گومرگی لە بەندەرەکان بە رێژەی 50٪ کەمی کردووە."
لە 18ی حوزەیرانی 2026، شاندی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە پرسی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا، لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێ.
لەبارەی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە لە دەروازەکان، سامر قاسم رایگەیاند: "لێکێگەیشتنمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوو. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وزاریی ئابووری روونە سەبارەت بە بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان."
سامر قاسم ئاماژەی بەوە کرد: "براکانمان لە هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن و گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بە مەبەستی بەستنەوەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆدا."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق باسی لەوە کرد: "پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستمە و راهێنان بە کارمەندان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات."
بەگوتەی سامر قاسم، ئەم هەنگاوە چەندین سوودی گرنگی دەبێت، لەوانە "زیادکردنی داهات بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، داخستنی دەروازە نایاساییەکان و یەکخستنی پێناسەی گومرگی لە سەرتاسەری عێراقدا."



