رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە پارەکەیان لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان پارێزراوە و دەڵێ، ناردنی لیژنەی چاودێری بۆ هەر بانکێک بە واتای مایەپووچبوونی ئەو بانکە نایەت.
رۆژی شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە و باس لە مایەپووچبوونی هەندێک بانک دەکەن.
بانکەکە روونیکردەوە، سەردانی لیژنەی سەرپەرشتیاری بۆ هەندێک بانک تەنیا رێکارێکی چاودێریی یاساییە بۆ پاراستنی سەلامەتیی بانکەکان و مافی ئەو کەسانەی پارەیان لەوێیە.
بانکی ناوەندیی عێراق باس لەوە دەکات، باشترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی بانکیی عێراقدا جێبەجێ دەکەن و گوتی: "هەموو بانکە مۆڵەتپێدراوەکان ئەندامن لە (کۆمپانیای گەرەنتیی سپاردەکان) کە ئەرکی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانە لە کاتی هەر ئەگەرێکی پەککەوتنی بانکەکاندا."
بانکیی ناوەندیی عێراق دەڵێ:" سیستمی بانکیی عێراق خاوەنی نەختینەیەکی باشە و دەتوانێت بە کارایی مامەڵە لەگەڵ هەموو گوشارەکاندا بکات".
بەپێی ئامارەکانی بانکیی ناوەندی عێراق، سەرمایەی نەختینەی بانکەکان بەرامبەر پابەندییە کورتخایەنەکانیان زیاتر لە 60%ـە، ئەمەش نیشانەی هێزی دارایی بانکەکانە.
بانکی ناوەندیی عێراق دڵنیایی دەدات کە هاووڵاتییان دەتوانن لە هەر کاتێکدا بیانەوێ، بەبێ دواکەوتن دەستیان بە پارەکانیان بگات و بانکەکەش بە وردی چاودێریی هەموو رێکارەکان دەکات بۆ پاراستنی مافی کڕیاران.



