رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن 4 هەزار و 900 تمەن یان 2.21٪ بەرزبووەوە و یەک دۆلار بە 226 هەزار و 200 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 24 کاژێری رابردوودا نزمترین نرخی تۆمارکراو 221 هەزار و 600 تمەن و بەرزترین نرخیش 228 هەزار و 600 تمەن بووە. ئامارەکان دەریدەخەن بەهای دۆلار بەراورد بە حەوت رۆژی رابردوو 9.31% و لە شەش مانگی رابردووشدا 45.52% بەرزبووەتەوە.
هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو
بەپێی بازرگانانی دراو لە تاران، مانەوەی نرخی دۆلار لە سەرووی ئاستی 225 هەزار تمەن لەکاتێکدایە کە خواستی کڕین هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە، لە بەرامبەردا فرۆشیاران ئامادە نین بەم نرخەی ئێستا دراوەکانیان بخەنە بازاڕەوە. ئەم ناهاوسەنگییەی نێوان خواست و خستنەڕوو بووەتە هۆی ئەوەی گوشارەکان بۆ دابەزینی نرخ سەرکەوتوو نەبن و نرخەکە لە ئاستە بەرزەکاندا جێگیر بێت.
شارەزایان پێیان وایە تەنانەت ئەگەر بەشێک لە مامەڵەکاران لەم نرخەدا دەست بە فرۆشتن بکەن، بەهۆی زۆریی خواستەوە خێرا لە بازاڕدا دەفرۆشرێن. بۆیە هەڵوێستی کڕیاران لە رۆژانی داهاتوودا یەکلاکەرەوە دەبێت. ئەگەر قەبارەی کڕین بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەری تێپەڕبوونی دۆلار لە سەرووی ئاستەکانی ئێستا و گەیشتنی بۆ 230 هەزار تمەن لە ئارادایە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستێوەردانی بانکی ناوەندی ئێران وەک فاکتەرێکی گرینگ لە بازاڕدا دەمێنێتەوە. زیادکردنی خستنەڕووی فەرمی دەتوانێت لە کورتخایەندا رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتر بکات، بەڵام ئەگەر خواست هەر بە بەرزی بمێنێتەوە، کاریگەریی ئەم دەستێوەردانە کاتی دەبێت.
پێشبینییەکان بۆ نرخی دۆلار
شارەزایانی ئابووری دەڵێن ئاستی 225 هەزار تمەن گرنگترین بەربەستی بەردەم دۆلارە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا. ئەگەر نرخەکە لە سەرووی ئەم ئاستەدا بمێنێتەوە، ئەگەری بەردەوامی رەوتی بەرزبوونەوە زیاتر دەبێت و رەنگە لە هەنگاوی داهاتوودا بگاتە 230 هەزار تمەن.
ئەگەر گوشاری کڕین زیاد بکات و هاوکات هەواڵی سیاسیی نوێ بگاتە بازاڕ، تێپەڕین لە 230 هەزار تمەن رێگە بۆ گەیشتن بە نرخی بەرزتر خۆش دەکات.
سیناریۆی دابەزین
لە بەرامبەردا، ئەگەر خستنەڕووی دراو زیاد بکات یان هەواڵێک سەبارەت بە کەمبوونەوەی گرژییە سیاسییەکان بڵاوببێتەوە، ئەوا نرخەکان روو لە پاشەکشە دەکەن. لەو حالتەدا، سنووری 221 بۆ 223 هەزار تمەن دەبێتە یەکەم وێستگەی دابەزین، ئەگەر گوشاری فرۆشتنیش زیاتر بێت، گەڕانەوە بۆ ئاستەکانی 218 بۆ 220 هەزار تمەن دوور لە چاوەڕوانی نییە.


.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)