رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیکەوتووە. ئامارەکان دەریدەخەن جووڵەی کەشتییەکان گەیشتووەتە نزمترین ئاست.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر، رۆژی شەممە تەنیا 5 کەشتیی گواستنەوەی کاڵا لە تەنگەکە تێپەڕیون، رۆژی یەکشەممەش تاوەکو ئێستا هیچ جووڵەیەکی کەشتییەکان تۆمار نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە لە شەممە و یەکشەممەی رابردوو 31 کەشتی بەو رێڕەوەدا تێپەڕیبوون.
ئەو کەشتیانەی لە 24 کاژێری رابردوودا تێپەڕیون، بریتین لە کەشتییەکی نەوتیی زۆر گەورە کە سیستمی ناسینەوەی خۆکاری کوژاندووەتەوە، لەگەڵ کەشتییەکی هیندستان کە تایبەتە بە گواستنەوەی گاز. ئەم پاشەکشە گەورەیەی هاتووچۆی دەریایی دوای زنجیرەیەک هێرش دێت بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان و نادڵنیایی لە ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکان.
لە 24 کاژێری رابردوودا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بووە. رۆژی 5ی ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە نزیک ئاوەکانی ئێران تەقەیان لە یەکدی کردووە. ئەمریکا سێ کەشتی نەوتی ئێرانی کردووەتە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا. دوابەدوای رووداوەکە، ئێران هۆشداریی دایە کەشتییەکان کە بەبێ مۆڵەت و هەماهەنگی لە تەنگەی هورمز نزیک نەبنەوە.
ئەم رووبەڕووبوونەوانە مەترسییەکانی سەر جووڵەی بازرگانییان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە.
بەپێی داتاکانی کەشتیوانی، هەرچەندە تەنگەی هورمز لە رووی تەکنیکییەوە هێشتا کراوەیە و چەند کەشتییەکی کەم پێیدا تێدەپەڕن، بەڵام لە راستیدا تەنگەکە وەک رێڕەوێکی نێودەوڵەتیی ئاسایی کار ناکات و چالاکییە بازرگانییەکان تێیدا گەیشتووەتە ئاستی نیمچە وەستان. ئابووریناسان هۆشداریی دەدەن کە بەردەوامیی ئەم دۆخە کاریگەریی قورسی لەسەر بازاڕەکانی وزە و گواستنەوەی کاڵا لە جیهاندا دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)

.webp&w=3840&q=75)