رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بە بەهێزی ماوەتەوە و نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە سەرووی 100 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. هۆکارەکەشی توندبوونەوەی جەنگی ئێرانە کە بووەتە جەنگی کەشتییەکان.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ بە رێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 101 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 96 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 30٪ بەرزبوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا جێبەجێنەکرا و سەرەتای ئەم مانگە هێرشەکانی هەردوو لا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی دەستیان پێکردەوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، 5 کەشتیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا رایگەیاندووە کە هێرشی کردووەتە سەر 10 کەشتی و سوپای پاسدارانیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکانیان توندتر دەکەنەوە.
دانیەڵ هاینێس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی (ئەی ئێن زێد) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "توندبوونەوەی هێرشەکانی ئێران و ئەمریکا بەو واتایەیە کە دابینکردنی نەوت لە کەنداو پەکی دەکەوێت و کەمدەبێتەوە."
هاوکات حووسییەکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە دەستپێکردووەتەوە و بوونەتە مەترسی بۆ رێڕۆی گواستنەوەی نەوت لە دەریای سوور.
کریستۆفەر وۆنگ، شارەزای بازاڕی نەوت لە بانکی (OCBC) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەردەوامیی هێرشەکان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کەم ببێتەوە و نرخەکانی نەوت بەرزببنەوە."
بەپێی ئامارەکانی ریستاد ئینێرجی کە کۆمپانیایەکی راوێژکارییە لە بواری وزەدا، گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دابەزیوە بۆ رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا هەفتەیەک بەر لەوەی هێرشەکان دەستپێبکەنەوە، 9 تاوەکو 10 ملیۆن بەرمیل بووە.



