رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمرۆ دووشەممە زیاتر لە 2٪ بەرزبووەوە، دوای ئەوەی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە کەنداو، نیگەرانییەکانی دابینکردنی نەوتیان لە رێگەی بۆڕی نەوتی سعودیەوە، زیادکرد.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوورئەمرۆ دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 2.90 دۆلار یان 2.77 %بەرزبووەوە و گەیشتە 107.51 دۆلار بۆ هر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2.27 دۆلار، یان 2.27 % بەرزبووەوەو گەیشتە 102.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخەکان لە سەرەتای کرانەوەی بازاردا بە رێژەی زیاتر لە 3 %بەرزبووبوونەوە.
میدیا فەرمییەکانی سعودیە رۆژی یەکشەممە دیمەنی زیانگەیشتن بە چەندین خانوو و مزگەوتێکیان بڵاوکردەوە، بەپێی وتەی ئەوان بەهۆی هێرشێکی حوسییەکانەوە بووە بۆ سەر پارێزگای جازان لە باشووری ئەو وڵاتە. حوسییەکانیش رایانگەیاندووە هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی سەربازیی سعودیە.
رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، (UKMTO) ، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، کەشتییەک لە تەنگەی هورمز بەر مووشەک یان بۆمبێک کەوتووە، بەو هۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە و ستافی کەشتییەکە ناچار بە چۆڵکردن کراون.
ئێرانیش رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێران لە نزیک کەناراوەکانی وڵاتەکەی، کەسێک کوژراوە و چوار ئەندامی ستافەکەش بریندار بوون.
چاودێران پێشبینییان دەکرد نرخەکانی نەوت لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان لە رۆژی دووشەممە بەرزببنەوە بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە دابینکردنی نەوت لەلایەن سعودیەوە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهانە. ئەوەش دوای ئەوەی بۆریی ڕۆژهەڵات-رۆژاوای ئەو وڵاتە رۆژی هەینی بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە داخرا کە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام درابوو.
پچڕانی ئەو بۆرییە، کە یارمەتی سعودیەی دەدا بە بێ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا نەوتەکەی هەناردە بکاتەوە، مەترسی لەسەر 4٪ی کۆی نەوتی جیهان دروست دەکات.
لە هەمان کاتدا، حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، رۆژی هەینی گەیشتنە دوورگەی ستراتیژیی (پرم)، بەمەش دەتوانن کۆنترۆڵی زیاتریان بەسەر تەنگەی باب ئەلمەندەبدا هەبێت. ئەو تەنگەیەی کە رێڕەوێکی دیکەی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتە و لە چەند مانگی رابردوودا 4 % بۆ 5 %ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕیوە.
بەهۆی ئەم ئاستەنگانەوە، نرخەکانی نەوت لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 8 %بەرزبوونەوە و بۆ یەکەمجار لە دوای مانگی تەممووزەوە ئاستی 100 دۆلاریان تێپەڕاند.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕی داراییەکان سەر بە کۆمپانیای IG، رۆژی یەکشەممە لە یاداشتێکدا رایگەیاند، "سەیری ئایندە دەکەین. مەگەر دانوستانەکانی ئەم هەفتەیەی عومان ئەنجامێکی کردارییان لێ بکەوێتەوە یان هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بە خێرایی بگەڕێندرێتەوە سەر کار، ئەگەرنا مەترسیی ئەوە هەیە کە نەوتی خاو بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەو بەرەو بەرزترین ئاستی خۆیی لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردوو کە 111.48 دۆلار بوو، بڕوات."
بەڵام بەدر ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان دواتر لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی X رایگەیاند، کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران لە عومان سەبارەت بە تەنگەی هورمز دواخراوە.


