رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمرۆ دووشەممە دابەزینێکی کەمی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا زیاتر لەو ئاستەی کە چاوەڕوان دەکرا، بەرزبوونەوە. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پشێبینی بکرێت بانکی ناوەندی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بەرەو بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بڕوات.
نرخی زێڕ ئەمرۆ بەڕێژەی 0.3 % دابەزی و ئێستا لە نزیک 4,340 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوە دەکرێت و بۆ سێیەم هەفتەی یەک لە دوای یەکە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.
دواین گوشارەكان لەسەر نرخی زێڕ دوای ئەوە هاتن كە داتاكانی ههڵاوسانی مانگی ئاب نیشانیاندا پێنوێنی سەرەكیی نرخەکانی بەکاربەر، (CPI)، بەبێ هەژماركردنی تێچووی خۆراك و وزە، بە ڕێژەی 0.3 % لەسەر بنەمای مانگانە بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە پێشبینییەکانی زیادکرد کە رەنگە بانکی ناوەندی ئەمریکا سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە بەرزبکاتەوە کە ئەم هەفتەیە ئەنجام دەدرێت.
ئێستا بازاڕەکان ئەگەری 88 % دادەنێن بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی و ئەوەش زیان لە نرخی کانزای زەرد دەدات.
لەلایەکی دیکەوە نرخی نەوتی برێنت 107 دۆلاری تێپەڕاندووە کە کاریگەری گەورە لەسەر بەرزکردنەوەی نرخەکانی وزە و هەڵاوسان دروستدەکات.
زێڕ لە دوای گەڕانەوەی لە نزمترین ئاستی خۆی لە دەوروبەری 4,000 دۆلار لە مانگی تەممووزدا، لە مەودایەکی تا رادەیەک کەمدا گەڕایەوە بۆ نزیکەی 4,400 دۆلار.
بانکی ANZ رایگەیاندووە کە سەرەڕای چاوەڕوانییەکان بۆ توندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی، هێشتا گەشبینە بەرامبەر بە زێڕ.
بانکەکە پێشبینی دەکات کە پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە ببێتە هۆی بەرزبوونهوەی زیاتری هەڵاوسان، هەروەها پێشبینی سێ جار بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ، هەرچارێک بە رێژەی 0.25 % لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە دەکات تاوەکو مانگی ئاداری 2027.


