رووداو - دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پاریس لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجیز کۆبووەوە و رایگەیاند، عێراق پلانی هەیە بەرهەمی نەوت بەرزبکاتەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیا فەرەنسییەکەش رایگەیاند، قەبارەی وەبەرهێنانیان لە عێراق بۆ 16 ملیار دۆلار زیاد دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە شوێنی مانەوەی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، پێشوازی لە پاتریک پویانێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "تۆتاڵ ئێنێرجیز" و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆژە ستراتیژییەکانی کۆمپانیاکە بەتایبەت لە کەرتی گازدا تاوتوێ کران.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی باسی لە پلانەکانی حکومەت کردووە بۆ راگرتنی بەفیڕۆچوونی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنان تێیدا تاوەکو بگەنە قۆناخی خۆبژێوی.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانی پێنج ساڵی داهاتووی وڵاتەکەی بۆ کەرتی نەوت خستەڕوو کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت، راشیگەیاند: "دەستکراوە بە فراوانکردنی گەڕان و پشکنینە نەوتییەکان بە جۆرێک کە ئابووریی نیشتمانی بەهێز بکات، هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی وزە لە بەغدا بەردەوامن."
تۆتاڵ: وەبەرهێنانەکانمان فراوانتر دەکەین
لای خۆیەوە، پاتریک پویانێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ ئێنێرجیز، ئامادەیی تەواوی کۆمپانیاکەی بۆ برەودان بە هاوبەشییەکانیان لەگەڵ عێراق نیشاندا و گوتی: "کۆمپانیاکەمان ئێستا بە بەهای 12 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی نەوت و وزەی عێراقدا هەیە، لە پلانماندایە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو قەبارەیە بۆ 16 ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە."



