رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری نوێی خۆی لەسەر دیاریکردنی رێژەی سوود بۆ گەورەترین ئابووریی جیهان رابگەیەنێت، لە کاتێکدا پێشبینییەکانی بازاڕ بۆ ئەوە دەچن کە بانکەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان، سوود بەرز بکاتەوە.
لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی کە لە 12 ئەندامی دەنگدەر پێکدێت، دوای کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە، کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە [9:00 شەو بەکاتی هەولێر] بڕیارەکەی رادەگەیەنێت.
ئابووریی ئەمریکا چەندین ساڵە بەدەست هەڵاوسانێکی بەرزتر لە ئامانجی دیاریکراوەوە دەناڵێنێت. هاوکات، بەهۆی جەنگەکەی لە دژی ئێران و سیاسەتی سەپاندنی باج و گومرگەکانی، لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی ژیریی دەستکرد، نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، بانکی ناوەندی رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتووەتەوە، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەی مانگی تەممووزدا، چارەکێکی ئەندامانی دەنگدەر دژی هێشتنەوەی رێژەکە بوون و داوای بەرزکردنەوەی دەستبەجێیان دەکرد. لەو کاتەوە، بەرپرسانی دیکە، لە نێویاندا کێڤن وۆرش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەر هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو خاو نەبێتەوە، رەنگە پێویست بە دەستوەردان بکات.
ئێستا رێژەی سوود لە ئەمریکا 3.63٪ـە.
رۆژی هەینیی رابردوو، ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی ئاب بە 3.4٪ راگەیەندرا، کە هێشتا زۆر بەرزترە لە ئامانجی 2٪ـی بانکی ناوەندی. ئەم داتایانە وایکردووە کە وەبەرهێنەران بە زیاتر لە 92٪ پێشبینیی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بکەن.
دایان سوانک، ئابووریناس لە کۆمپانیای KPMG دەڵێ: "ئەمە گۆڕانکارییەکی خێرایە، بەڵام چاوەڕواننەکراو نییە. هەڵاوسان بەسەر ئابووریدا زاڵە و خەریکە دەچێتە نێو رەفتاری بەکاربەران و کۆمپانیاکانەوە، کە ئەمە رێک ئەوەیە بانکی ناوەندی دەبێت رێگریی لێ بکات."
ئەگەر رۆژی چوارشەممە بڕیاری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بدرێت، ئەمە دەبێتە یەکەمجار لە دوای ساڵی 2023ـەوە. بێگومان ئەم هەنگاوە دۆناڵد ترەمپ تووڕە دەکات، کە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ گوشارخستنە سەر بانکە سەربەخۆکە تاوەکو سوود کەم بکاتەوە.
پێشتر ئیدارەی ترەمپ لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاریی لە دژی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی پێشووی بانکەکە دەستپێکرد، هێشتاش هەوڵی دەرکردنی لیسا کوک، پارێزگاری بانکی ناوەندی دەدات. سەرەڕای ئەوەی کێڤن هاسێت، راوێژکاری باڵای ئابووریی ترەمپ، دژایەتیی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی سوود دەربڕی، بەڵام گوتی کۆشکی سپی "تێدەگات و رێز لە بڕیارەکە دەگرێت" ئەگەر ئەوە رووبدات.
کلۆدیا سام، ئابووریناس لە کۆمپانیای نیو سێنچری ئەدڤایزەرس و کارمەندی پێشووی بانکی ناوەندی، دۆخەکەی بە "بەدبەختی" وەسف کرد و گوتی: "پێویست ناکات خۆت بسەلمێنیت بە سەپاندنی رێژەی سوودی بەرزتری قیستی خانوو بەسەر ئەمریکییەکاندا، بەڵام ئەمە واقیعی دۆخەکەیە."
بانکی ناوەندی دوو ئەرکی سەرەکیی هەیە؛ رەخساندنی زۆرترین هەلی کار و هێشتنەوەی هەڵاوسان لە ئاستی 2٪.



