رووداو دیجیتاڵ
لە فەرەنسا نرخی لیترێک بەنزین گەیشتووەتە 2.15 یۆرۆ، فەرەنسییەکان بۆ دەستکەوتنی بەنزینی هەرزانتر روو لە وڵاتی ئەندۆرای دراوسێیان دەکەن.
بەهۆی کەمیی باجی سووتەمەنی لە میرنشینی ئەندۆرا، شۆفێران دەڵێن دەتوانن بۆ پڕکردنی هەر تانکێک دەیان یۆرۆ پاشەکەوت بکەن. زۆربەی ئەو کەسانەش ئەم گەشتە دەقۆزنەوە و کڕینی سووتەمەنی لەگەڵ کڕینی کاڵای دیکەی داشکێندراو تێکەڵ دەکەن.
لە ئەندۆرا نرخی یەک لیتر بەنزین 1.67 یۆرۆیە [1.93 دۆلار] بەمەش شۆفێران نزیکەی 30٪ـی ئەو پارەیە پاشەکەوت دەکەن کە لە فەرەنسا بۆ بەنزین خەرجی دەکەن.
ئەندۆرا وڵاتێکی بچووکی ئەورووپایە و لەنێوان فەرەنسا و ئیسپانیادایە، رووبەرەکەی 468 کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی 90 هەزار کەسی لێ دەژی.
بەگوێرەی داتاکانی حکومەت، تێکڕای نرخی بەنزین لە فەرەنسا ئەو ژمارە پێوانەییەی تێپەڕاند کە لە مانگی حوزەیرانی 2022ـدا و چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا تۆماری کردبوو. ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی بێ قورقوشمی ئۆکتان 95 گەیشتووەتە 2.15 یۆرۆ [2.48 دۆلار].
هەروەها نرخی گازوایل لە وێستگەکاندا گەیشتووەتە نزیکەی 2.35 یۆرۆ بۆ هەر لیترێک، بەمەش زۆر نزیک بووەتەوە لەو ژمارە پێوانەییەی کە لە نیسانی 2026ـدا تۆماری کردبوو و گەیشتبووە 2.38 یۆرۆ.
ماوەی هەفتەیەکە، تێکڕای نرخی رۆژانەی بەنزینی ئۆکتان 95 لە سەرووی ئەو ئاستەوەیە کە لە 14ـی حوزەیرانی 2022ـدا تۆماری کردبوو (2.11 یۆرۆ)، کە ئەوکات بەهۆی زۆریی خواست و ئەو نادڵنیاییەی بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە دروست ببوو، گەیشتبووە ئەو ئاستە.
ئاستی ئێستای نرخی بەنزینی 95 و 98 (کە رۆژی سێشەممە تێکڕای نرخەکەی 2.24 یۆرۆ بوو)، بە بەرزترین نرخ دادەنرێن لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 27ـی شوباتەوە. شەڕی دژی تاران هاوکات بووە لەگەڵ پەککەوتنی نیمچەیی تەنگەی هورمز و چەندین هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە.



