رووداو دیجیتاڵ لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن، بازاڕەکانی جلوبەرگی قوتابخانە جمەیان دێت، بەڵام ئەمساڵ گۆڕینی رەنگی جلوبەرگەکان، جگە لەوەی نرخەکانی بەرز کردووەتەوە، هاووڵاتییان و فرۆشیارانیشی تووشی سەرلێشێواوی کردووە. وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن رەنگی جلوبەرگی قوتابیانی گۆڕیوە. پەرەنگ رەسوڵ، یەکێک لەو دایکانەی بۆ کڕینی جلوبەرگ رووی لە بازاڕ کردووە، دەڵێت: "پار ساڵ رەنگی سپی و رساسی بوو، ئەمساڵ رساسی و نیلییە. لای من ئەمساڵ جوانترە و رەنگی مارۆنی و نیلی لە هەموو رەنگەکان جوانترە." سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان پێیان وایە گۆڕانکارییەکە باشە، بەڵام لە نرخەکان نیگەرانن. نادیە محەمەد، دایکێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەم گۆڕانکارییە بۆ ئێمە باشترە، چونکە رەنگی سپی زوو پیس دەبوو، بەڵام کێشەکە ئەوەیە نرخەکانیان گرانە." گرانیی نرخەکان کاریگەریی زۆری لەسەر خێزانە کەم دەرامەتەکان داناوە. ریحان قادر، کە دایکی چوار منداڵە، باس لەوە دەکات: "بارودۆخی ماددیمان زۆر خراپە، ناچار بووم تەنیا دوو منداڵم بنێرمەوە قوتابخانە و دووانەکەی دیکەم لە خوێندن بێبەش بکەم." یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، جیاوازیی رەنگەکانە لە بازاڕدا. وەک فرۆشیارێک دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە یەک تۆنی لە ڕەنگی مارۆنی دیاری کردووە، بەڵام لە بازاڕدا چەندین جۆر رەنگی مارۆنی هەن، ئەمەش کێشەی بۆ قوتابیان و بەشێک لە کارگەکانیش دروست کردووە. گەردی عەبدولستار، فرۆشیارە و دەڵێت: "کاڵاکە کەم بووەتەوە و رەنگی زۆریش هاتووەتە بازاڕ. بەڕاستی گرانییەکی زۆرە. بۆ نموونە، ئەم رەنگە مارۆنییە کە هاتووە، هی وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵکو هی قسەی سۆشیاڵ میدیایە. ئەوەی وەزارەت دیاری کردووە، تۆنێکی دیکەیە." بەهۆی کەمبوونەوەی کاڵا لە بازاڕدا، نرخەکان رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبنەوە. بەهروز ستار، فرۆشیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەوەی دوو هەفتە پێش ئێستا جلوبەرگی کڕیبێت، قازانجی کردووە، چونکە ئێستا کە کاڵا کەم بووەتەوە، نرخەکان زۆر گرانتر بوون." ئێستا نرخی یەک دەست جلوبەرگی قوتابخانە لە بازاڕەکاندا بەپێی تەمەن و جۆری قوماش، لەنێوان 40 هەزار بۆ 80 هەزار دینارە.