رووداو دیجیتاڵ لە بۆرسەی نەوت و گازی هەولێر، قەبارەی کڕین و فرۆشتنی نەوتی سپی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و نرخەکانیش بەرزبوونەوەیەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا هیچ ئامادەکارییەک بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا نەکراوە. پار ساڵ لەم کاتەدا، رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم بازاڕەدا مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ کەمتر لە 200 هەزار لیتر دابەزیوە. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 275 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. عەبدولخاڵق کەریم، بازرگانێکی نەوت و گازە و دەڵێت: "ئێستا بەرمیلی نەوت بە کۆ بە 275 هەزار دینارە، پار ساڵ ئەم وەختە بە 150 هەزار بوو. لە ژیانمدا نەوتم بەم گرانییە نەبینیوە، من لە سەردەمی سەدامەوە قاچاخیم دەکرد تاوەکو ئێستاش بەردەوامم." گرانیی نرخەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر فرۆشیارە گەڕۆکەکانیش داناوە. عەبدولڕەحمان خدر، نەوتفرۆشێکە و باس لەوە دەکات کە ئەمساڵ هیچ کارێکی نەکردووە و دەڵێت: "پار ساڵ لەم وەختەدا رۆژانە دوو بۆ سێ کاروان کارم دەکرد، بەڵام ئەمساڵ تائێستا یەک کاروانیشم نەکردووە. خەڵک زستانان خۆی بە چی گەرم بکاتەوە؟ ناتوانێت هیتەری کارەبا بەکاربێنێت چونکە پارەی زۆری بۆ دێتەوە، نەوتیشی پێ ناکڕدرێت. دەبێت وەک جاران بچین سۆپای دار دابنێینەوە." هاونیشتمانیان بەهۆی گرانیی نرخەکەوە ناتوانن خۆیان بۆ وەرزی زستان ئامادە بکەن و چاوەڕێی حکومەتن. دایە حەلیمە، یەکێک لەو هاووڵاتییانەیە کە لە نرخی نەوت نیگەرانە و دەڵێت: "ئێوارە پیاوێک نەوتی دەفرۆشت، ڕامانگرت و گوتمان نەوت بەچەندە؟ گوتی 340 هەزارە. پیاوی هەژار چۆن دەتوانێت بیکڕێت؟ ناتوانین هیتەریش بەکاربێنین. ناچارین بەتانی بەخۆماندا بدەین و خۆمان گەرم بکەینەوە." عوسمان محەمەد، خانەنشینێکە و دەڵێت: "نەوت دەڵێن لەنێوان 300 هەزار دینار زیاتر و کەمترە. من ئێستا پێم ناکڕدرێت، چاوەڕێ دەکەین ئەگەر حکومەت بەرمیلێکمان بداتێ." ساڵانە لە مانگی 10 و لەگەڵ گەیشتنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی دەکرد بە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا و بۆ هەر خێزانێک 200 لیتری بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرد. بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نییە.