رووداو دیجیتاڵ
سەرمایەی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی دوو تریلیۆن دینار؛ بەرپرسێکی سندووقەکەش دەڵێت، داهاتی پاریان 270 ملیار دینار بووە.
ئەردەلان گەزنەیی، بەرپرسی پشکنینی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بوڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "سەرمایەی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2019 تەنیا 400 ملیار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار."
بەپێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، مانگانە 12%ـی مووچەی کرێکار لەلایەن خاوەنکار و 5%ـیش لەلایەن خودی کرێکارەوە دەبڕدرێت و دەخرێتە نێو ئەم سندووقەوە، کە پارەی خانەنشینی، پاداشتی کۆتایی خزمەت و قەرەبووی پێکان و گیانلەدەستدانی کرێکارانی کەرتی تایبەت دابین دەکات.
ئامارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی:
داهاتی ساڵانە: لە 75 ملیار دیناری ساڵی 2019ـەوە، بۆ 270 ملیار دینار لە ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە.
ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو: 375 هەزار کەس لە سندووقەکەدا تۆمارکراون.
خانەنشینانی کەرتی تایبەت: هەزار و 50 خانەنشین هەن کە ساڵانە سێ ملیار دینار مووچە وەردەگرن.
پاداشتی کۆتایی خزمەت: پار 8 هەزار و 400 کرێکاری کەرتی تایبەت زیاتر لە 36 ملیار دیناریان وەک پاداشت وەرگرتووە.
سکاڵای کرێکاران زیادی کردووە
لە هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە مافی کرێکاران بە یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی 1971 دەکرێت.
بە گوتەی ئەردەڵان گەزنەیی، هۆشیاریی کرێکاران بۆ داواکردنی مافەکانیان زیادی کردووە؛ بە شێوەیەک لە ساڵی 2019 تەنیا 276 سکاڵا هەبووە، کەچی پار گەیشتووەتە هەزار و 548 سکاڵا، کە زۆربەیان پەیوەستن بە پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن خاوەنکارانەوە. ئێستاش دەتوانن بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە رێگەی پۆرتاڵی کارەوە سکاڵاکانیان تۆمار بکەن یان سیڤی بنێرن بۆ دەستکەوتنی هەلی کار.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی سەرژمێریی ساڵی 2024، لە هەرێمی کوردستاندا دوو ملیۆن و 914 هەزار فەرمانبەر و کرێکار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت کار دەکەن؛ لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 723 هەزاریان لە دەرەوەی کەرتی حکومیدان.

